زیندانییەک لە زیندانی "دیزڵاوا"ی کرماشان ئێعدام کرا

10:33 - 13 رەزبەر 2721

ڕۆژی پێنجشەممە ٨ی ڕەزبەر، حوکمی لەسێدارەدانی زیندانییەک بە ناوی "ماشاڵڵا سەبزی" بە تۆمەتی "کوشتنی بەئەنقەست" لە زیندانی دیزڵاوای کرماشان، جێبەجێ کرا.

ماڵپەڕی "نە بە زیندانی_نە بە ئێعدام" لەوبارەیەوە نووسیویەتی: "حوکمی لەسێدارەدانی ئەو زیندانییە پاش ١١ ساڵ، لە زیندانی دیزڵاوای کرماشان، بە شێوەی نەهێنی و بەبێ ئاگادارکردنەوەی بنەماڵەکەی جێبەجێ کراوە".

ئەو سەرچاوەیە هەروەها نووسیویەتی: "بەرپرسانی زیندان لە کاتی لەسێدارەدانی ماشاڵڵا، بە بنەماڵەکەیان ڕانەگەیاندووە و ئەوان ئیزنی دوایین چاوپێکەوتنیان لەگەڵ ئەو هاووڵاتییە ئێعدام کراوە پێ نەداوە".

ئەو هاووڵاتییە بە شێوەی "قیسامە" بە ئێعدام مەحکووم کرابوو، لە ماوەی ئەو ١١ ساڵەدا، ئەو زیندانییە چەندین جار ڕایگەیاندبوو کە ئەو بێتاوانە و ئەو تاوانەی نەکردووە.

"قیسامە" یەکێک لە ڕێگاکانی داسەپاندنی حوکمی لەسێدارەدانی هاووڵاتییانە لە یاسای حکوومەتی ئێران، کە لە ئەگەری نەبوونی بەڵگەی تەواو بۆ داسەپاندنی ئەو حوکمە، ٥٠ کەس  لە نزیکانی "کوژراوەکە" بە شێوەی ناڕاستەوخۆ بۆ کوشتنی بەئەنقەست و هەروەها ٢٥ کەس بە "شێبهێ قەتڵ" (شبه قتل) شایەتی دەدەن.