كرماشان/ بانگهێشتی كەم وێنەی رۆژنامەنووسانی كورد لەماوەی دەسەڵاتداریەتی دەوڵەتی یازدەیەمدا

ئاژانسی كوردپا: ناوەندە ئەمنیەتی- قەزاییەكانی حكوومەتی ئێسلامیی ئێران لەكرماشان لە بەرەبەری یەك ساڵەی بە دەسەڵات گەیشتنی دەوڵەتی تەدبیر و ئومیدی حەسەن رۆحانیدا،ژمارەیەك هاووڵاتیی (لایەنگرانی ستادی دەوڵەتی)‌یان بانگهێشت و لێپرسینەوەیان لەگەڵدا كردوون.

بەپێی راپۆرتی ئاژانسی هەواڵدەریی كوردپا، لقی ٣‌ی دادسەرای گشتی و ئینقلابی كرماشان، ئەمڕۆ ١٢‌ی گەلاوێژ، دوو رۆژنامەنوسی كوردیان بەناوەكانی عەلی محەممەد ئیسلامپوور و فەرزاد پوورمورادی بانگهێشت كردووە.

\"21233.jpg\"
عەلی محەممەد ئیسلامپوور و فەرزاد پوورمورادی
ئەو دوو هاووڵاتییە كوردە ئەركی سەرنووسەری بڵاڤۆكی \" نەوای وەقت\" و سایتی \" كرماشان پۆست\"‌یان لە ئەستۆیە و دەبێ‌لە رۆژەكانی سێ‌شەممە و چوارشەممە ئەم حەفتەیە خۆیان بە بنكەی پۆلیسی \" فەتا\" بناسێنن.

سەرچاوەیەكی ئاگادار بەهەواڵنیری كوردپای لەكرماشان راگەیاندووە، رۆژی رابردووش ئەمیر ساڵحی دەبیری حیزبی \" مردمسالاری\" و بەڕێوەبەری ماڵپەری ئەو حیزبە لەئوستانی كرماشان، بۆ ماوەیەكی كاتی لەدەستبەسەریدا بووە.

ئەمیر ساڵحی بە هۆی سكاڵەی ئیدارەی گشتیی جیهادی كەشاوەرزی ئوستان دادگایی كراوە و دواتر بە دانانی وەسیقە ئازاد كراوە.

\"21232.jpg\"
ئازەرمی جێگری سیاسیی ئوستانداریی كرماشان
شەپۆلی بەربڵاوی فشار بۆ سەر رۆژنامەنووسانی كورد لەشاری كرماشان بە داخستن و فیلتەر كردنی سایتی \"حیزبی تەوسەعە\" و هەڕەشەكانی ئازەرمی جێگری سیاسیی ئوستانداریی كرماشان لە وێب‌نووس و رۆژنامەنووسان، قۆناغێكی تازەی بەخۆیەوە بینیوە.

سەرچاوەكە باسی لە بانگهێشت كردنی ئیسفەندیار نیری بەڕێوەبەری وێبلاگی ئەدەب و ئاینە بۆ دادگا كردووە و ئەوەشی خستۆتە ڕوو، سەرجەم ئەو فشار و بانگهێشت كردنانە لەلایەن لقی ٣‌ی دادسەرای گشتی و ئینقلابی كرماشانەوە ئەنجام دراوە.

\"21234.jpg\"
ئەمیر ساڵحی و ئیسفەندیار نیری
لەدرێژەدا هەواڵنێری كوردپا وتیشی: موحسێن چەنانی بەرپرسی بنكەی و ستادی د. عارف لەگەڵ سكاڵەی ئیدارەی میرات فەرهەنگی ئەستان بەرەوڕوو بۆتەوە و لەحاڵی حازردا خۆی بەدەستەوە نەداوە.

شەپۆلی بانگهێشت و فشارەكان لەكرماشان لەو ماوەیەدا، بە بەراورد لەگەڵ دەوڵەتی نۆیەم، دەیەم و تەنانەت رووداوەكانی ٨٨‌یش بێ‌وێنە بووە.

\"21235.jpg\"
موحسێن چەنانی بەرپرسی بنكەی و ستادی د. عارف
لەماوەی چەند مانگی رابردوودا بەشێك لەهاووڵاتییانی كورد لەئوستانی كرماشان لە كار و كردەوەكانی ئیبراهیم رەزایی ئوستانداری كرماشان ناڕازین و نابراویان بە هاوكاری نەكردن و دژایەتی كردن لەگەڵ بەرنامەكانی دەوڵەت تۆمەتبار كردووە.

چەند رۆژ لەمەوبەریش رێكخراوی هەواڵنێرانی بێ‌سنوور وێڕای رەخنەگرتن لە شەپۆلی تازەی دەستبەسەر کردن و فشار بۆ سەر رۆژنامەنووسان، حكوومەتی ئیسلامیی ئێرانی بە پیێشێڵكردنی \"مافی ئازادی رادەربڕین\" تاوانبار كردووە.