راپۆرت/ شنگاڵ، گۆڕانكاری بەسەر سیاسەتی بەرگریكردنی هێزی پێشمەرگەدا هێنا

ئاژانسی كوردپا: پێشمەرگەكانی هەرێمی كوردستان دوای ئەوەی لەشاری شنگاڵ لە بەرامبەر هێرشی چەکدارانی \"داعش\"‌دا پاشەكشەیان كرد، لەسەر بڕیاری سەرۆكی هەرێمی كوردستان هەڵویستی بەرگری كردنیان بۆ هەڵوێستی هێرش كردن گۆڕی و جارێكی دیكە خۆیان رێكخستەوە و توانیان بەشێك لەخاكی كوردستان لەژێر دەستی ئەو گرووپەدا دەربهێنەوە.

دوای دەستپێكی شەڕ لەشاری موسڵ و تەشەنە سەندنی شەڕەكە بۆ جەلەولا و باقی شوێنە سوننی نشینەكانی عێراق، نائارامییەكان ناوچەی كوردنشینی شنگالی گرتەوە و بەو هۆیەوە سەدان هەزار كەس لەترسی هەڕەشەكانی داعش ماڵی و زێدی خۆیان بەجێهێشت و روویان لەچیاكان كرد.

\"21278.jpg\"
داعش وێڕای هەرەشە لە پەیڕەوانی ئاینی \"ئیزیدی\" لە شنگال، داوایان لێكردوون كە مەزهەبی خۆیان بگۆڕن و روو بكەنە مەزهەبی ئیسلام و هەروەها سەرچاوە هەواڵییەكانی هەرێمی كوردستان باسیان لەوە كردووە كە ئەو گرووپە دەستڕێژییان كردۆتە سەر كچ و ژنە ئیزەدییەكان.

بەوتەی وتەبێژی ئیزەدییەكان نزیك بە ١٠٠ هەزار كەس ماڵەكانیان لە شنگاڵ و زوممار بەجێ‌هێشتووە و روویان لەناوچەكانی هەرێمی كوردستان كردووە و لەحاڵی حازردا لەگەڵ كێشەی نەبوونی خواردن و خوادەمەنییەوە بەرەوڕوو بوونەتەوە، هەرێمی كوردستان داواوی یارمەتی خۆراكی لەرێكخراوە جیهانییەكان كردووە و خوازیاری بە هاناوە هاتنی ئەو ئاوارانەی كردووە.

پەیڕەوانی ئیزەدی، كەمینەیەكی مەزهەبی كوردن كە لە باكووری عێراق، سووریە، باشووری رۆژهەڵاتی توركیە، قەفقاز نیشتەجێن و رێژەی ئیزەدییەكان لە سەانسەری جیهاندا نزیك بە ٩٠٠ هەزار كەس لەقەڵەم دراوە.

دوو رۆژ لەمەوبەر هێزەكانی داعش(دەوڵەتی ئیسلامی لە عێراق و شام)، لەعێراق توانیان گەورەترین بەنداوی عێراق لە موسڵ و شارەكانی شنگال و زوممار و سەرچاوەیەكی نەوت لە باكووری رۆژئاوای عێراق كۆنترۆڵ بكەن.

ئەمڕۆ سێ‌شەممە رێكەوتی ١٤‌ی گەلاوێژ فەرماندە نیزامییەكانی پێشمەرگە لەهەرێمی كوردستان، كەلە بەرەكانی شەڕدان، رایانگەیاندووە: هێزی پێشمەرگە لەچەندین هێرشدا توانیویەتی بەشێكی بەرچاو لەناوچەكانی زوممار، شنگال و موسڵ لەژێر دەستی داعش دەربهێنێتەوە و ئێستا پێشمەرگە لەو شوێنانە جێگیر كراون و ئاڵای كوردستانی لێ‌هەڵکراوە.

هەر لەو پێوەندییەدا ماڵپەڕی \"خەندان\" باسی لە پشتیوانیی هەوایی فرۆكە جەنگییەكانی عێراق لەهێزەكانی پێشمەرگە كردووە و چەندین بنكەی \"داعش\"‌یان لە شنگال و زوممار بۆردومان كردووە.

نیگەرانیی ئەمریكا لەدۆخی هەنووكەیی عێراق

\"21277.jpg\"
دەوڵەتی ئەمریكا رایگەیاندووە كە بارودۆخی ناوچەكەی خستۆتە ژێر زەڕەبینەوە و زۆر بە وردی بەدواداچوونی بۆ دەكات. \"جن ساكی\" وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریكا وتوویەتی: ئەمریكا پشتیوانی هێزە ئەمنییەكانی عێراق و پێشمەرگەی كوردستان دەكات.

بەوتەی \" جن ساكی\" ناوەندە عەمەلیاتیەكانی ئێمە لە هەولێر و بەغدا لەپێوەندیی دایە و لەحاڵی گۆڕینەوەی زانیاری لەگەڵ یەكترین.

وەزارەتی دەروەی ئەمریكا لەو باوەڕەدایە، گرووپی داعش بەشێوەی ستراتیژی هێرشەكانی بۆ سەر ناوچەكانی عێراق و كوردستان هەڵدەبژێرێ‌و زیارت خەڵكی بێ‌تاوان و بێ‌دیفاع دەكاتە ئامانج.

هاوكات بەرپرسێكی پارتی دێمۆكراتی كوردستان بەبێ‌ئەوەی ئاماژە بە ناوێک بکات، رایگەیاندبوو، ئەگەری زۆرە وڵاتێكی درواسێ‌لەپشت هێرشەكانی داعش بۆ سەر ناوچەكوردنشینەكان بێت.

رۆڵی سوپای قودس لەعێراقدا

\"21276.jpg\"
هەواڵدەریی روێتێرز لەراپۆرتێكدا باسی لەهێندێ‌ بەڵگەی حاشا هەڵنگر كردووە کە سوپای پاسداران لە عێراق حوزوورێكی زۆر بەرچاوی هەیە و كوژرانی سێ‌ئەندامی سوپای پاسدارانی لەچەند رۆژی رابردوودا لەشەر لەگەڵ داعش بە نموونە هێناوەتەوە.

لەكۆتاییەكانی مانگی ژوئن \"ئەبووبكر بەغدادی\" رێبەری گرووپی داعش بە فەرمی دەسەڵاتی خۆی لەموسڵ راگەیاند و لەگرتەیەكی ڤیدیۆیدا شیعە مەزهەبەكانی بە \"مۆرتەد\" و سزاواری مەرگ لەقەڵەم دا.

ئەو وتانە بیانووی بەدەست حكوومەتی ئیلامیی ئێرانەوە دا كە بەرگریی لە شێعە مەزهەبەكان بكات و بەپێی هەواڵی ماڵپەڕی \"ئەلعەرەبیە\" هێز رەوانەی عێراق بكات.

سەرچاوەكە باسی لەوەش كردووە، سپای پاسداران لەعێراق بە فەرماندەیی قاسم سلێمانی پشتیوانی ماڵیی و نیزامی لە گرووپی ملیشیاچەكدارە شیعەكانی عێراق كردووە.

دوابەدوای كشانەوەی هێزەكانی ئەمریكا لەعێراق لەساڵی ٢٠١١، حكوومەتی ئەمریكا بەبەردەوامی كۆماری ئیسلامیی و بەتایبەت سپای پاسدارانی بە مەشق پێكردن بە گرووپە توندرەو و چەكدارە شیعەكان لەناوخاكی ئێران و عێراق تاوانبار كردووە.