دەرهێنەرێکی کورد خەڵاتەکەی پێشکەش بە کۆڵبەران کرد

ئاژانسی کوردپا: دەرهێنەرێکی کوردی خەڵکی شاری جوانڕۆ سەر بە پارێزگای کرماشان خەڵاتی باشترین شانۆگەری لە فستیڤاڵێکی نێوخۆیی ئێران مسۆگەر کرد و خەڵاتەکەی پێشکەش بە کۆڵبەران کرد.

بە پێی هەواڵی گەیشتوو بە ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، ئێوارەی ڕۆژی شەممە ٢٢ی بەفرانبار، لە کۆتایی فستیڤاڵی \"ئەکبەر ڕادی\" لە شاری تاران، شانۆگەریی \"لەناکاو عەباس\" لە دەرهێنانی \"حەمزه زارعی\" دەرهێنەری کوردی ڕۆژهەڵاتی کوردستان توانی چوار خەڵات مسۆگەر بکات کە بریتین لە خەڵاتەکانی باشترین شانۆ، باشترین دەقی شانۆنامە، باشترین دەرهێنان، و باشترین ئەکتەر.

شیاوی ئاماژەیە ئەو دەرهێنەره کورده لە کاتی وەرگرتنی خەڵاتەکەدا، خەڵاتەکەی پێشکەش به کۆڵبەران کرد.

حەمزە زارعی خەڵکی جوانڕۆ خوێندکاری قۆناغی ماستەره لە زانکۆی هونەر له تاران و خاوەنی چەند خەڵاتی نێودەوڵەتییه لەبواری فیلم و سینەمادا.