جەنازەی ژینا ئەمینی بە ئامادەبوونی خەڵکێکی زۆر لە گۆڕستانی ئایچی سەقز ئەسپەردەی خاک کرا

12:22 - 26 خەرمانان 2722

ئەمڕۆ شەممە ٢٦ی خەرمانان، جەنازە ژینا (مەهسا) ئەمینی، بە ئامادەبوونی خەڵکێکی زۆر، لە گۆڕستانی ئایچی سەقز، ئەسپەردەی خاک کرا.

ئێوارەی ڕۆژی هەینی ٢٥ی خەرمانان، جەنازەی ژینا ئەمینی بە فڕۆکە لە تارانەوە گوێزرایەوە بۆ تەورێز و بەیانیی ئەمڕۆ شەممە ٢٦ی خەرمانان، بۆ گۆڕستانی ئایچی سەقز، گوێزرایەوە.

بە وتەی سەرچاوەیەکی ئاگادار، هێزە ئەمنییەتییەکان بنەماڵەکەی ژینا ئەمینیان خستووەتە ژێرگوشارەوە کە پێش لە ئامادەبوونی خەڵک، جەنازەی ژینا ئەسپەردەی خاک بکەن، بەڵام ئەو داواکارییە لەگەڵ دژایەتیی بنەماڵەکەی و هاووڵاتییانی ناڕازی بەرەوڕوو ببوو، جەنازەی ئەو کچە تەمەن ٢٢ ساڵەیە، بە ئامادبوونی خەڵکێکی زۆر ئەسپەردەی، خاک کرا.

هاووڵاتییانی ناڕازی لە کاتی بەڕێوەچوونی ڕێورەسمی بە خاکسپاردنی جەنازەی ژینا دروشمیان دژی حکوومەتی ئێران و بەرپرسانی حکوومەتی دا.

ئەو سەرچاوە ئاگادارە بە کوردپای ڕایگەیاند: هێزە ئەمنییەتییەکان ڕێگاکانی هاتنە ناو شاری سەقزیان داخستووە، هەتا پێش بە خەڵک لە بەشداریکردنی ناشتنی جەنازەی ژینا ئەمینی، بگرن.

ئەو سەرچاوەیە هەروەها ڕایگەیاند: هێزە ئەمنییەتی - ئینتزامییەکان لە شاری سەقز کەوتوونە حاڵەتی ئامادە باشییەوە.

ڕۆژی هەینی ٢٥ی خەرمانان، ژینا (مەهسا) ئەمینی تەمەن ٢٢ ساڵە خەڵکی شاری سەقز، که لە ئەنجامی لێدان و ئازار و ئەشکەنجە، لەلایەن مەئموورانی گەشتی ئیرشاد، چووبووە بێهۆشی درێژخایەن، لە نەخۆشخانە کەسرای تاران، گیانی لە دەست دا.

پاش بڵاوبوونەوەی هەوڵی گیانلەدەستدانی ژینا ئەمینی، ژمارەیەک لە هاووڵاتییان بە کۆبوونەوە لە بەرانبەر نەخۆشخانەی کەسرای تاران، ناڕەزایەتییان بە کوژرانی قەتڵی حکوومەتی ژینا ئەمینی دەربڕی و ژمارەیەک لەو هاووڵاتییە ناڕازییانە، لەلایەن هێزە ئەمنییەتییەکانەوە دەسبەسەر کران.

ڕێکخراوی مافی مرۆڤی کوردپا، وێرای مەحکووم کردنی قەتڵی حکوومەتی ژینا ئەمینی و سەرەخۆشیی لە بنەماڵەکەی، داوا لە تەواوی ڕێکخراوە و ناوەندە مافی مرۆییەکان دەکات، یەکگرتووانە حکوومەتی ئێران لە بەرانبەر ئەو کارەساتە وڵامدەر بکەن.