تەحسین دادڕەس لە زیندانی سنە بۆ زیندانی مەریوان گوازرایەوە

18:30 - 25 خەرمانان 2720

ڕۆژی سێشەممە ٢٥ی خەرمانان، "تەحسین دادڕەس" زیندانیی سیاسیی کوردی خەڵکی گوندی "سەردۆشـ"ـی مەریوان، لە زیندانی سنە بۆ زیندانی مەریوان ڕاگوێزرا.

ئەو زیندانییە سیاسییە ڕۆژی پێنجشەممە ١٤ی خاکەلێوەی ئەمساڵ، لە زیندانی مەریوان بۆ زیندانی سنە ڕاگوێزرابوو.

پێشتر ئەو زیندانییە سیاسییە کوردە بەهۆی ئەویکە هاوکاری لەگەڵ ناوەندە حکوومەتییەکانی ڕەت کردبووەوە لەلایەن جێگری بەرپرسی ئیدارەی ئیتلاعاتی مەریوان خرابووە ژێر گوشارەوە.

بۆ چەندەمین جار بەرپرسانی ئیدارەی ئیتلاعاتی مەریوان لەگەڵ هاتنە مەرەخەسیی ئەو زیندانییە کوردە، دژایەتییان کردبوو.

ئەو زیندانییە سیاسییە ساڵی ٩٧ بۆ تێپەڕاندنی ماوەی زیندانیبوونەکەی ڕەوانەی زیندانی مەریوان کراوە و لەو ماوەیەدا، لە مافی مەرەخەسی وەرگرتن بێبەری بووە.

ئێوارەی پێنجشەممە، ٩ی سەرماوەزی ساڵی ٩٦، "تەحسین دادڕەس" بە تۆمەتی "هاوکاری لەگەڵ یەکێک لە حیزبە کوردییەکانی دژبەری حکوومەتی ئێران" لەلایەن هێزە ئیتلاعاتییەکانەوە دەسبەسەر و پاش حەوتوویەک لە دەسبەسەری لە ئێدارەی ئیتلاعاتی شاری مەریوان، بۆ ئیدارەی ئیتلاعاتی شاری سنە، ڕاگوێزرابوو.

ئەو هاووڵاتییە مانگی گەلاوێژی ساڵی ٩٧، لە دادگای سەرەتایی، بە تۆمەتی "هەوڵدان دژی تەناهیی نەتەوەیی  و هاوکاری لەگەڵ یەکێک لە حیزبە کوردییەکانی ئۆپۆزسیۆنی حکوومەتی ئێران"، بە ١١ ساڵ زیندانیی تەعزیری و دواتر ئەو حوکمە لە دادگای پێداچوونەوەی سنە بۆ ٦ ساڵ زیندانیی تەعزیری کەم کرایەوە.

ئەو زیندانییە سیاسییە کوردە لە ماوەی دەسبەسەرکرانیدا لە "دەسپێڕاگەیشتن بە پارێزەر" بێبەری کراوە.