بەیانییەی کۆڕی ڕاوێژی چالاکانی مەدەنی یارسان لەمەڕ بێڕێزی بە هێمای ئایینی یارسان لە زیندانی ساوە

لە درێژەی بێ مافییەکان و بێڕێزی دژی خەڵکی هاووڵاتییان یارسانی، لە ڕۆژی ڕابردوودا، یەکێک لە پەیڕەوانی ئایینی یارسان بە ناوی "جەواد ئەحمەدی" لە زیندانی ناوەندیی ساوە، لەلایەن مەئموورانی ئەو زیندانەوە بێڕێزی بە "شارب" (سمێڵ) کە وەکوو هێمای ئایینی یارسانی بە ئەژمار دێت، کراوە.

لەو پەیوەندییەدا، کۆڕی ڕاوێژی چالاکانی مەدەنی یارسان، لە مەڕ ئەم بێڕێزی و بێ حورمەتییه کە بە هاووڵاتییەکی یارسانی لە زیندانی ساوە، کراوە بەیاننامەیەکی بڵاو کردووەتەوە.

لە بەشێکی ئەو بەیاننامەیەدا، هاتووە: "ئەم بێڕێزیانە هەموو جار لەلایەن مەئموورانی کۆماری ئیسلامی دووپات دەبێتەوە و تێچوویەکی زۆری بە شوێن خۆیدا دێنی کە یەکێک لە گرینگترینیان، بێڕیزی بە شارب "سمێڵـ"ـی یەکێک لە پەیڕەوانی ئەو ئایینە لە هەمەدان بووە، کە لێکەوتەکەی بووەتە هۆی خۆسووتاندن و ناڕەزایەتی دەربڕینی سێ کەس لە پەیڕەوانی پاکی ئایینی یارسانی.

لە بەشێکی دیکەی ئەو بەیاننامەیەدا، هاتووە:" سەرەڕای تێپەڕبوونی ٤٢ ساڵ لە دامەزراندنی نیزامی کۆماری ئیسلامی، هەنووکە جێگەی حقووقیی پەیڕەوانی ئایینی یارسانی لە پێکهاتەی نیزام، ڕوون نەکراوەتەوە، دەسەڵاتداران و یاسادانان لەلایەک ئێمە بە بەشێک لە ئایینی شیعە دەزانن. بەڵام نە تەنیا ئێمە لە ماف و حقووقی شیعەکان کەڵک وەرناگرین، بەڵکوو دەبیت بەهاکان و ڕێوڕەسمە ئایینیەکانی خۆمان بەجێ بهێڵین، لەلایەکی دیکەوە ئەگەر ڕایبگەیەنین کە ئایینەکەی ئێمە سەربەخۆییە و پێداگری لە سەر شوناسی خۆمان دەکەین، لە زۆرێک لە مافە ئینسانی و هاووڵاتییەتی خۆمان بێبەری دەکرێن.

لە بەشێکی  دیکەی ئەو بەیاننامەیەدا، هاتووە: "بەداخەوە لەم دۆخە کە زۆرتر لە بەرزەخ دەچێت، بارودۆخێک پێکهاتووە هەتا دەستی داعشییەکانی فەرهەنگی و هەتا دوایی، دەسدرێژی  بۆ سەر مافی بنەڕەتی یارسانەکان ئاوەڵا بێت. لەلایەک هەتا ئێستا هیچ کام لە دەسدرێژکەرانی مافی ئینسانی و هاووڵاتییەتی ئێمە، سزا نەدراون و بەردەوام لە هەلە بەدەستهاتووەکان ویست و حەزیان بۆ سزا بەکاربردووە و لەلایەکی دیکەوە گۆڕانێکی بنەڕەتی و بەرچاوە لە پێکهاتەکانی یاسایی لە ڕاستای بەکاربردنی مافی خەڵکی ئێمە ئەنجام نەدراوە. لە باشترین  حاڵەتدا، ئەم هەڵسووکەوتە نەشیاوە بە پێچەوانەی یاسا دەزانن و داوای لێبوردنی سووری لە هاووڵاتییانی یارسانی دەکەن.