بۆکان؛ سێ هاووڵاتیی خۆپیشاندەر بە تەقەی هێزە سەرکوتکەرەکان گیانیان لەدەست دا
سێ هاووڵاتی بە ناوەکانی "مستەفا شەعبانی"،"میلاد مەعرووفی" و "سامان قادربەیگ"، لە ڕەوتی خۆپێشاندانەکانی بۆکان، بە تەقەی هێزە سەرکوتکەرەکان گیانیان لەدەست دا.
ئەمڕۆ هەینی ٢٧ی خەزەڵوەر، میلاد مەعرووفی تەمەن ٢٣ ساڵە کە ڕۆژی پێنجشەممە ٢٦ی خەزەڵوەر، لە ڕەوتی خۆپێشاندانەکان بە سەختی بریندار کرابوو، لە نەخۆشخانە گیانی لەدەست دا.
ڕێوڕەسمی بە خاکسپاردنی تەرمی میلاد مەعرووفی بە ئامادەبوونی خەڵکێکی زۆر و بە وتنەوەی سروودی "ئەی شەهیدان" و دروشمی ناڕەزایەتی، لە گۆڕستانی "کۆستە"، بەڕێوەچوو.
ڕۆژی پێنجشەممە ٢٦ی خەزەڵوەر، مستەفا شەعبانی بەهۆی تەقەی هێزە سەرکوتکەرەکان لە خۆپیشاندانەکان، گیانی لەدەست دا.
بەپێی زانیارییەکان ئەو هاووڵاتییە خۆی کەمئەندام بووە.
ئێوارەی سێشەممە ٢٤ی خەزەڵوەر، سامان قادربەیگ تەمەن ٢٣ ساڵ کوڕی عەبدولکەریم، بە تەقەی هێزە سەرکوتکەرەکان گیانی لەدەست دابوو. هێزە سەرکوتکەرەکان تەرمی ئەو هاووڵاتییەیان بۆ ورمێ، ڕاگواستبوو.
هێزە ئەمنییەتییەکان گوشاریان خستبووە سەر بنەماڵەی ئەو هاووڵاتییە، کە هۆکاری گیانلەدەستدانی کوڕەکەیان، بۆ خۆکوژی بگەڕێننەوە.
سامان قادربەیگ خێزاندار و باوکی دوو منداڵە.
پێشتریش، سامان قادربەیگ لە ڕەوتی خۆپیشاندانەکانی بۆکان بە تەقەی هێزە سەرکوتکەرەکان، پێکرابوو.
وێنە: مستەفا شەعبانی، سامان قادربەیگ و میلاد مەعرووفی