بڕینەوەی حوکمی ٣٠ مانگ زیندان، لێدانی ٢٥٠ قامچی و دانی ٢٥٠ ملیۆن تمەن سزای نەختی بۆ ١٠ هاووڵاتیی بانەیی
١٠ هاووڵاتیی خەڵکی بانە بە ناوەکانی "سەردار ئەمین پوور، موحسێن قادری، بەرزان ڕەحیمی، ئازاد مەحموودزادە، شارام ساڵحی، یاسین عوسمانی، عێزەت ئەحمەدی، ئاکام ئەحمەدی، ڕێبوار ساڵحی و مێهدی ئەرخەوانی"، لەلایەن دەزگای دادوەریی حکوومەتی ئێرانەوە بە ٣٠ مانگ زیندان، لێدانی ٢٥٠ قامچی و دانی ٢٥٠ ملیۆن تەمەن سزا دران.
ئەو ١٠ هاووڵاتییە کوردە بە تۆمەتی "بەشداری لە کۆبوونەوەی ناڕەزایەتیی خەرمانانی ساڵی ٩٦، لەهەمبەر کوژرانی کۆڵبەران لە بەرانبەر فەرمانداریی ئەو شارە"، هەر کامیان بە ٣ مانگ زیندان، لێدانی ٢٥ زەربە قامچی و ٢٥ ملیۆن تمەن جەریمە مەحکووم کراون.
ڕۆژی سێشەممە ١٤ی خەرمانانی ساڵی ٩٦، پاش کوژرانی دوو کۆڵبەری کوردی خەڵکی بانە لەلایەن هەنگی سنووریی ئەو شارەوە، هاووڵاتییانی بانەیی بە نیشانەی ناڕەزایەتی دەربڕین، دووکان و بازاڕەکانیان داخست و هێرشیان کردە سەر بینای فەرمانداری و بەشێک لە فەرمانداری و هەروەها ماشینی فەرمانداریی ئەو شارەیان ئاگر تێبەردا.
ڕێکەوتی ١٣ی خەرمانانی ساڵی ٩٦، دوو کۆڵبەری خەڵکی بانە بە ناوەکانی "حەیدەر فەرەجی" تەمەن ٢١ ساڵ خەڵکی گوندی "شەشە" و "قادر بارامی" تەمەن ٤٥ ساڵ خەڵکی گوندی "وزمەڵە" بە تەقەی هێزە نیزامییەکانی حکوومەت گیانیان لەدەست دا.