"باپیرە بەرزە" پاش تەواوبوونی ماوەی مەرەخەسییەکەی گەڕایەوە زیندانی نەغەدە

10:27 - 22 سەرماوەز 2720

ڕۆژی هەینی ٢١ی سەرماوەز، "باپیرە بەرزە" زیندانیی سیاسیی کوردی خەڵکی گوندی "چیانە"ی پیرانشار پاش تەواوبوونی ماوەی مەرەخەسییەکەی گەڕایەوە زیندانی نەغەدە.

ئەو زیندانییە سیاسییە ڕۆژی یەکشەممە ٢٠ی ڕەزبەر، پاش ٨ ڕۆژ لە تووشبوون بە ڤایرۆسی کۆرۆنا ئیزنی مەرەخەسیی دەرمانیی پێدرا.

ڕۆژی سێشەممە ١ی ڕەزبەر ئەو هاووڵاتییە بۆ تێپەڕاندنی ماوەی زیندانییەکەی، خۆی بە زیندانی نەغەدە ناساند.

مانگی گەلاوێژی ئەمساڵ حوکمی زیندانیکردنی ئەو هاووڵاتییە لە لقی ١ی دادگای پێداچوونەوەی ورمێ لە ٤ ساڵ بۆ ٢ ساڵ  و ٦ مانگ کەم کرابووەوە.

کەمکردنەوەی زیندانیی تەعزیریی "باپیرە بەرزە" بە جێبەجێکردنی پەسەندکراوەی مەجلیسی شورای ئیسلامی لەمەڕ کەمکردنەوەی سزای زیندانیی تەعزیری ڕوویداوە و دۆسیەی ناوبراو لە لقی ١ی دادگای پێداچوونەوەی ورمێ بۆ جارێکی دیکە تاوتوێ کرابوو.

پووشپەڕی ساڵی ٩٨، حوکمی ٨ مانگ زیندانیی "باپیرە بەرزە" لەسەر سکاڵای وەزارەتی ئیتلاعات لە لقی یەکی دادگای پێداچوونەوەی ورمێ بۆ ٤ ساڵ زیندانی زیادی کرد.

مانگی ڕێبەندانی ساڵی ٩٨ ناوبراو لەلایەن لقی ١٠٢ی دادگای کەیفەریی ٢ی شاری پیرانشار بە تۆمەتی "هاوکاری لەگەڵ یەکێک لە حیزبە کوردییەکانی دژبەری حکوومەتی ئێران" بە ٨ مانگ زیندان مەحکووم کرا و پاش بڕینەوەی ئەو حوکمە بە دانانی بارمتەی ٢٢٠ ملیۆن تمەنی بە شێوەی کاتی ئازاد کرابوو.

ناوبراو مانگی سەرماوەزی ساڵی ٩٨، لەلایەن هێزە ئەمنییەتییەکانەوە دەسبەسەر و بۆ لێپرسینەوە ڕەوانەی گرتنگەی ئیتلاعاتی ورمێ کرابوو.