١ی سەرماوەزی ١٤٠٥؛ بە دەسبەسەرکردنی «محەممەد ئەولاد» و «حەمید میرزایی»، ژمارەی هاووڵاتییانی کوردی دەسبەسەرکراو لە دەڕەشاری ئیلام لە ڕۆژی ٢٩ی خەزەڵوەردا گەیشتە شەش کەس. «ئەمیر گەراوەند»، «عەلی والی»، «ئاریەن ئیمانی» و «عرفان ئیسماعیلی» چوار هاووڵاتیی دیکەن کە هەر لەو ڕۆژەدا دەسبەسەر کراون.

بە وتەی سەرچاوەیەکی ئاگاداری کوردپا، ڕۆژی هەینی ٢٩ی خەزەڵوەری ١٤٠٥، هێزە ئەمنییەکان دوو لاوی کوردی دیکەیان بە ناوەکانی «محەممەد ئەولاد» و «حەمید میرزایی» بەبێ نیشاندانی بڕیاری دادگا، بە شێوەیەکی توندوتیژانە و هاوڕێ لەگەڵ لێدان دەسبەسەر کردووە و بۆ شوێنێکی نادیاریان گواستوونەتەوە. دەوترێت «محەممەد ئەولاد» لە کاتی ئەم دەسبەسەرکردنە توندوتیژانەیەدا قاچی شکاوە.

هەتا کاتی بڵاوکردنەوەی ئەم هەواڵە، هیچ زانیارییەک لەسەر هۆکارەکانی دەسبەسەرکردنی ئەم هاووڵاتییانە لەبەر دەستدا نییە و هێزە ئەمنییەکانیش هیچ ڕوونکردنەوەیەکیان لەبارەی هۆکاری دەسبەسەرکردن، دۆخ و شوێنی ڕاگرتنیان نەداوە. ئەم هاووڵاتییانە لە کاتی دەسبەسەرکردنیانەوە تا ئێستا لە مافی دەستڕاگەیشتن بە پارێزەر، پەیوەندیکردن و چاوپێکەوتن لەگەڵ بنەماڵەکانیان بێبەش بوون.