١ی سەرماوەزی ١٤٠٥؛ بە دەسبەسەرکردنی «عەلی حوسێنی»، ژمارەی هاووڵاتییانی دەسبەسەرکراو لە ئاودانان لە دوای ناڕەزایەتییە جەماوەرییەکان بەرانبەر بە گیانلەدەستدانی ١٣ هاووڵاتیی ئەم شارە لە وەرگەڕانی کارەساتباری ئوتوبووسی کارمەندانی کۆمپانیای پێترۆپالایش، گەیشتە ١٤ کەس. ئەم هاووڵاتییانە دوای دەسبەسەرکردنیان بۆ شوێنێکی نادیار گوازراونەتەوە و تا ئێستا هیچ زانیارییەک لەسەر چارەنووس و شوێنی ڕاگرتنیان لەبەر دەستدا نییە.
بە وتەی سەرچاوەیەکی ئاگاداری کوردپا، ڕۆژی شەممە ٣٠ی خەزەڵوەری ١٤٠٥، هێزە ئەمنییەکان هێرشیان کردووەتە سەر ئاژەڵداری و شوێنی کاری بنەماڵەی «حوسێنی» لە ئاودانان و «عەلی حوسێنی»یان بەبێ بەڵگەی یاسایی و بە لێدان دەسبەسەر کردووە.
ڕۆژی سێشەممە ٢٦ی خەزەڵوەری ١٤٠٥، لە دوای ناڕەزایەتییە جەماوەرییەکان لە ئاودانان، ژمارەیەک لە هاووڵاتییانی ئەم شارە دەسبەسەر کران کە تا ئێستا ناسنامەی ١٢ کەسیان بۆ کوردپا پشتڕاست کراوەتەوە. ئەم کەسانە بریتین لە: «سینا دەروشی» مێرمنداڵی ١٥ ساڵە، «ئیرەج حەیدەری»، «سەعید عەبدوڵڵاهی»، «ئەسغەر ئەکبەری»، «ئارمین سلێمانی»، «بێهنام مورادی»، «پەیمان کەریمزادە»، «شەهرام جاویدانە»، «مەیسەم نەزەری» پەرستار، «محەممەدحوسێن کاویانی»، «حوسێن عەلیزادە» و «حەمید شامحەممەدی». هەروەها «موحسین باویر»یش یەکێک بوو لەو کەسانەی کە بۆ ماوەی چەند کاتژمێرێک دەسبەسەر کرا و دواتر ئازاد کرا.
ئەم هاووڵاتییانە لە کاتی دەسبەسەرکردنیانەوە تا ئێستا لە مافی دەستڕاگەیشتن بە پارێزەر، پەیوەندیکردن و چاوپێکەوتن لەگەڵ بنەماڵەکانیان بێبەش بوون. هەروەها بەهۆی شەپۆلی دەسبەسەرکردنە سەرەڕۆیانە و توندوتیژەکانەوە، نیگەرانییەکی جیددی لەسەر چارەنووس و گیانی ئەم هاووڵاتییانە لەئارادایە. ئەوان دوای دەسبەسەرکردنیان بۆ شوێنێکی نادیار گوازراونەتەوە و سەرەڕای تێپەڕبوونی سێ ڕۆژ، تا ئێستا هیچ زانیارییەک لەسەر چارەنووس و شوێنی ڕاگرتنیان لەبەر دەستدا نییە.
پاشنیوەڕۆی ڕۆژی سێشەممە ٢٦ـی خەزەڵوەری ١٤٠٥، لە ئەنجامی گیانلەدەستدانی ١٣ هاووڵاتیی ئاودانانی لە وەرگەڕانی ئوتوبووسی کارمەندانی پێترۆپالایش، ناڕەزایەتییەکی بەرفراوان لە ئاودانان سەری هەڵدا. سەدان کەس لە هاووڵاتییان بە وتنی دروشم دژی بەرپرسانی حکوومی، بەرانبەر بە سەرنجنەدان بە دۆخی ڕێگاوبانەکان، بێبەشبوونی ژێرخانی پارێزگای ئیلام و بەڕێوەبردنی خراپ ناڕەزایەتییان دەربڕی. هاوکات، بەشێکی گەورەی بازاڕی ئاودانان بە نیشانەی هاوهەنگاوی لەگەڵ ناڕازییان و بنەماڵەی قوربانییاندا دەستی دایە مانگرتن.
بە وتەی سەرچاوەیەکی ئاگاداری کوردپا، هاوکات لەگەڵ دەستپێکردنی ناڕەزایەتییەکان، هێزەکانی یەکەی تایبەت لە شاردا جێگیر کران. گردبوونەوەکان تا ئێوارە بەردەوام بوون و ڕاپۆرت لەسەر تێکچوونی بەرچاوی هێڵی ئینتێرنێت و تەقاندنی گازی فرمێسکڕێژ و چەکی ساچمەیی لەلایەن هێزەکانی یەکەی تایبەتەوە بەرەو ناڕازییان بڵاو کرایەوە. سەرچاوەکانی کوردپا هەواڵی برینداربوونی چەندین ناڕازیشیان داوە کە لە ترسی دەسبەسەرکردن، خۆیان لە سەردانیکردنی نەخۆشخانە بواردووە.




