۳۰ی خەرمانانی ۱۴۰۵؛ لە ماوەی ڕۆژانی ڕابردوودا، «عەلی ئوسلووب»، هاووڵاتیی خەڵکی پیرانشار، بە تەقەکردنی هێزەکانی ئیدارەی ئیتلاعات، لە کاتێکدا سواری ماتۆڕ بووە، بێ ئاگادارکردنەوەی پێشوو کراوەتە ئامانجی تەقەکردن و بە چەند فیشەکێک کوژراوە. هێزە ئەمنییەکان پاش کوشتنی ئەم هاووڵاتییە، تەرمەکەیان بێسەروشوێن کردووە و بە بنەماڵەکەیان ڕاگەیاندووە کە تەرمەکەی ڕادەست ناکەنەوە.

سەرچاوەیەکی ئاگادار وێڕای پشتڕاستکردنەوەی ئەم هەواڵە بە کوردپای ڕاگەیاند؛ ئێوارەی پێنجشەممە ۲۶ی خەرمانانی ۱۴۰۵، «عەلی ئوسلووب»، هاووڵاتیی ۳۵ ساڵەی خەڵکی گوندی «کێلەسپی»ی پیرانشار، لە کاتێکدا بە ماتۆڕ لە ڕێگایەکی نزیک گوندی «جڵدیان»ی سەر بە پیرانشار لە هاتوچۆدا بووە، بێ ئاگادارکردنەوەی پێشوو کراوەتە ئامانجی تەقەکردنی چەندین فیشەک و کوژراوە. هێزە ئەمنییەکان پاش کوشتنی ئەم هاووڵاتییە کوردە، تەرمەکەیان لەگەڵ خۆیان بردووە و بێسەروشوێنکردنیان کردووە.

بە وتەی ئەم سەرچاوەیە، بنەماڵەی عەلی ئوسلووب دوای بەدواداچوون بۆ چارەنووسی ڕۆڵەکەیان، لەلایەن دادستانی پیرانشارەوە ئاگادار کراونەتەوە کە منداڵەکەیان کوژراوە و تەرمەکەی لەلای ئیدارەی ئیتلاعاتە و ڕادەستی بنەماڵەکەی ناکرێتەوە.

پاش کوژرانی ئەم هاووڵاتییە کوردە، وەزارەتی ئیتلاعاتی کۆماری ئیسلامیی ئێران ڕۆژی ۲۹ی خەرمانانی ۱۴۰۵، بە بڵاوکردنەوەی بەیاننامەیەک، بێ ئاماژەدان بە ناسنامەی کەسەکان، بڵاوی کردەوە کە چەند کەسێکیان لە سێ پارێزگادا کوشتووە و دەسبەسەر کردووە. ئەم دامەزراوە ئەمنییە لە پەیوەندی لەگەڵ پیرانشاردا بێ ئاماژەدان بە ناسنامەی کەسەکە، ئاگاداریی کوژرانی کەسێکی لە بۆسەی «سەربازانی گومناوی ئیمامی زەمان»دا ڕاگەیاندووە. هەندێک لە ڕاگەیاندنە حکوومییەکانیش وێنەی لێڵی تەرمی کەسێکیان بڵاو کردووەتەوە.