۲۹ی خەرمانانی ۱۴۰۵؛ ڕۆژی ڕابردوو، «بەیان قادری»، و باوکە بەساڵاچووەکەی «عەزیز قادری»، لە ئەندامانی بنەماڵەی چالاکوانانی سیاسیی دەرەوەی ئێرانی، بانگهێشتی دادگای ئینقلابی پیرانشار کران و «بەیان قادری» پاش دۆسییەسازیی ئەمنی، بەبێ بەڵگەی یاسایی دەسبەسەر کرا و بۆ یەکێک لە گرتنگە ئەمنییەکانی ورمێ گوازراوەتەوە. لە ڕۆژانی ڕابردووشدا باوکە بەساڵاچووەکەی ئەم بنەماڵەیە بانگ کرابوو و لێپرسینەوەی لێ کرابوو و هێزە ئەمنییەکان هەڵیانکوتابووە سەر ماڵی ئەم بنەماڵەیە و بە شێوەیەکی بەربڵاو پشکنینیان کردبوو و بەشێک لە کەلوپەلەکەیان تێکدابوو.

سەرچاوەیەکی ئاگادار وێڕای پشتڕاستکردنەوەی ئەم هەواڵە بە کوردپای ڕاگەیاند؛ «بەیان قادری»، ژنی ۳۸ ساڵانی خەڵکی «پەسوێ»ی سەر بە پیرانشار، و باوکە بەساڵاچووەکەی، «عەزیز قادری»، ڕۆژی شەممە ۲۸ی خەرمانانی ۱۴۰۵ بانگی دادگای ئینقلابی پیرانشار کران. پاشان «بەیان قادری» بەبێ بەڵگەی یاسایی دەسبەسەر کراوە و بۆ یەکێک لە گرتنگە ئەمنییەکانی ورمێ گوازراوەتەوە و لە دادگادا پێی ڕاگەیەندراوە کە دۆسییەکەی لە دادگا پێکهێنراوە و لەژێر پێداچوونەوەدایە.

ئەم سەرچاوە ئاگادارە دەڵێت؛ «بەیان قادری» و باوکە بەساڵاچووەکەی، «عەزیز قادری»، پێکەوە دەژین و بەهۆی بەساڵاچوونی «عەزیز قادری»، بەیان سەرپەرستی و چاودێریی باوکی لەسەر شانە. ئێستا بە دەسبەسەرکردنی بەیان قادری، نەک هەر کەسێک نییە چاودێریی باوکە بەساڵاچووەکەی بکات، بەڵکوو کەسێکیش نییە لە تەنیشتیدا بەدواداوچوون بۆ دەسبەسەرکردنی سەرەڕۆیانەی «بەیان قادری» بکات.

«بەیان قادری» و «مام عەزیز قادری»، خوشک و باوکی «محەممەد قادری»، چالاکوانی سیاسیی دەرەوەی ئێرانن.

لە پەیوەندی لەگەڵ ئەم بابەتەدا، ۲۶ی خەرمانانی ۱۴۰۵، «مام عەزیز قادری»، لەلایەن هێزەکانی ئیتلاعاتی سپاوە بانگ کرا و بۆ چەند کاتژمێرێک بە شێوەیەکی سەرەڕۆیانە دەسبەسەر کرا و کەوتە ژێر لێپرسینەوەیەکی توندەوە. هاوکات، هێزەکانی ئیتلاعاتی سپا بەبێ بەڵگەی یاسایی هەڵیانکوتایە سەر ماڵەکەیان، بە شێوەیەکی بەربڵاو و توندوتیژانە ماڵەکەیان پشکنی و بەشێک لە کەلوپەلەکانیان تێکدا.

هەتا کاتی بڵاوبوونەوەی ئەم هەواڵە، لە هۆکارەکانی دەسبەسەرکردنی ئەم هاووڵاتییە کوردە هیچ زانیارییەک لەبەر دەستدا نییە و هێزە ئەمنییەکانیش لەمباریەوە هیچ ڕوونکردنەوەیەکیان نەداوە. هەروەها، «بەیان قادری» هێشتا لە مافی دەستڕاگەیشتن بە پارێزەر، دیدار و پەیوەندی لەگەڵ بنەماڵەکەی بێبەشە و لە چارەنووس و شوێنی ڕاگرتنی زانیارییەک لەبەر دەستدا نییە.