۱۰ی خەرمانانی ١٤٠٥؛ "عابید عەلیزادە»، لاوی خەڵکی تیکاب و چالاکی بواری میدیا، دوای ۱۳ ڕۆژ دەسبەسەرکردنی سەرەڕۆیانە لە یەکێک لە گرتنگەکانی ئیتلاعاتی سپا لە ورمێ، بۆ بەندی ۳ی بەندیخانەی میاندواو گوازراوەتەوە و بۆ ئازادکردنی کاتی، داوای بارمتەی ۴ میلیارد تمەنی کراوە. ناوبراو لە ماوەی دەسبەسەرکردنیدا لە مافی دەستڕاگەیشتن بە پارێزەر و چاوپێکەوتن لەگەڵ بنەماڵەکەی بێبەش کراوە.
سەرچاوەیەکی ئاگادار وێڕای پشتڕاستکردنەوەی ئەم هەواڵە بە کوردپای ڕاگەیاند؛ ڕۆژی دووشەممە ۹ی خەرمانانی ١٤٠٥، «عابید عەلیزادە» دوای ۱۳ ڕۆژ دەسبەسەرکردنی سەرەڕۆیانە لە یەکێک لە گرتنگە ئەمنییەتییەکانی سپای پاسداران لە ورمێ و تێپەڕاندنی ئەشکەنجەی جەستەیی و ئازار و ئەزیەت، بۆ بەندی ۳ی بەندیخانەی میاندواو گوازراوەتەوە و بۆ ئازادکردنی کاتیی داوای بارمتەی ۴ میلیارد تمەنییان کردووە.
پێشتر کوردپا ڕاپۆرتی دابوو کە ئێوارەی چوارشەممە ۲۸ی گەلاوێژی ١٤٠٥، «عابید عەلیزادە»، لاوی خەڵکی تیکاب و چالاکی بواری میدیا کە لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکاندا پشتگیریی لە خەڵک، گیانبەختکرتووانی بەفرانبار و فەرهەنگ و زمانی کوردی دەکرد، لەلایەن هێزە ئەمنییەکانەوە بە شێوەی سەرەڕۆیانە دەسبەسەر کرا و بۆ شوێنێکی نادیار ڕاگوێزرا.
ئەم هاووڵاتییە کوردە لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکاندا پشتگیریی لە ناڕەزایەتییە ڕەواکانی خەڵک دژی گرانبوونی نرخەکان، ناڕەزایەتیدەربڕین بەرانبەر بە نەیار ئەژمارکردنی ناڕازییان، پشتگیری لە زمان و فەرهەنگی کوردی و کوردناسی و بەگشتی پەیوەندیدار بە بابەتە کۆمەڵایەتییەکانی کۆمەڵگەوە چالاکیی دەکرد.
هەتا کاتی بڵاوبوونەوەی ئەم هەواڵە، هیچ زانیارییەک لەسەر هۆکارەکانی دەسبەسەرکردن و تۆمەتە وەپاڵدراوەکان دژی ئەم هاووڵاتییە کوردە لەبەر دەستدا نییە و هێزە ئەمنییەکانیش لەمبارەوە هیچ ڕوونکردنەوەیەکیان نەداوە.





