ئاژانسی کوردپا: دوو کۆڵبەری پیرانشاری، بە تەقەی ڕاستەوخۆی هێزەکانی سپای پاسداران بریندار و ڕەوانەی نەخۆشخانەی "ئیمیرجینسیـ"ـی هەولێر کراون.
بەپێی ڕاپۆرتی گەیشتوو به ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، ڕۆژی سێشەممە، ٨ی گەلاوێژ، کاتژمێر ٢ی دوانیوەڕۆ، دوو کۆڵبەری کورد بە ناوەکانی "محەممەد چووکەڵی و محەممەد حوسێنزادە"، خەڵکی شاری پیرانشار، بە تەقەی ڕاستەوخۆی هێزەکانی سپای پاسداران پێکران.
هەواڵنێری کوردپا لە ڕاپۆرتێکدا ڕایگەیاند: "ئەم دوو کۆڵبەرە کوردە لە لای ڕان، پشت و دەستیان بریندار بوون."
ناوبراو لە درێژەی ڕاپۆرتەکەیدا، وتی: "ئەم دوو کۆڵبەرە کوردە، لە لایەن سپای پاسدارانەوە، لە شوێنێک بە ناوی "شاخە ڕووخاو" لەنێو خاکی هەرێمی کوردستاندا تەقەیان لێکراوە".
بەپێی ئەم ڕاپۆرتە: "ئەم کۆڵبەرانە سەرەتا بۆ نەخۆشخانەی شاری چۆمان ڕاگوێزراون و و دواتر بەهۆی قورسیی برینەکانیانەوە، ڕەوانەی "ئیمیرجینسیـ"ـی شاری هەولێر کراون".
ئەم دوو کۆڵبەر کوردە، لە ئێستادا لە نەخۆشخانەی ئیمیرجینسیی شاری هەولێر و لەژێر چاوەدێریی پزیشکیدان.





