ئاژانسی کوردپا: هەڵسوکەوتی حیراسەتی سەیرانگای تاقۆسانی کرماشان لە کاتی بەڕێوەچوونی کۆنسێرتی "کەیهان کەلهوڕ"، ڕەخنەی توندی ئەو هونەرمەندە کوردەی لێکەوەتەوە.

"کەیهان کەڵهوڕ"، ئاوازدانەر و ژەنیاری کورد، خەڵکی کرماشان و دانیشتووی شاری تاران، پاش بەڕێوەبردنی کۆنسێرتی مۆسیقای "شاری خامووش" لە سەیرانگای تاقۆسانی شاری کرماشان، سەبارەت بە هەڵسوکەوتی حیراسەتی ئەو سەیرانگایە لەگەڵ خەڵک، ناڕەزایەتی و ڕەخنەی ناوبراوی لە هێزە حکوومەتییەکانی لێکەوتەوە.

ئەو هونەرمەندە کوردە لە پۆستێکی ئینیستاگرامیدا کە ڕۆژی سێشەممە، ١٨ی پووشپەڕ بڵاوی کردبووەوە، باسی لە پێشگرتن و هەڵسوکەوتی بەڕێوەبەرایەتی و حیراسەتی سەیرانگای تاقۆسانی شاری کرماشانی کردبوو.

بە وتەی ئەو ژەنیارە کوردە، هەڵسوکەوتی حیراسەتی تاقۆسانی کرماشان بووەتە هۆی دواکەوتن و قەڕەباڵغی لە کاتی بەڕێوەچوونی کۆنسێرتەکە و ئەمەش نیگەرانیی هاووڵاتییانی بەدواوە بووە.

کۆمەڵە کۆنسێرتی "شاری خامووش"، بە هونەرمەندیی "کەلهوڕ"، پاش بەڕێوەچوونی لە هۆڵی وەحدەتی شاری تاران، لە ڕۆژانی ١٦ و ١٧ی پووشپەڕ، لە تاقۆسانی شاری کرماشاندا بەڕێوەچوو.

"کەیهان کەلهوڕ" لە ساڵی ١٣٤٢ی هەتاوی لە بنەماڵەیەکی کرماشانی لە شاری تاران لەدایکبوو و لە بەشی ئاوازدانەری لە زانکۆی "کارلتۆنی ئۆتاوا"، زانکۆی تەواو کردووە.

ناوبراو کە بە "سوڵتانی کەمانچە" لە جیهاندا ناسراوە و لەگەڵ هونەرمەندگەلێکی وەک "کەیخوسرەو پوور نازری"، "عەلی ئەکبەر مورادی"، "شارام نازری"، "شوجاعەت حوسێن خان" لە وڵاتی هیند، "یویوما" لە وڵاتی چین، "ژائۆژێپێنگ" و هەروەها لەگەڵ چەند هونەرمەندێکی دیکە لە وڵاتانی ئامریکا، کۆماری ئازەربایجان و هۆلەند، هاوکاریی کردووە.