ئاژانسی کوردپا: لە بەرەبەری ڕۆژی جیهانی کرێکاراندا، سێ چالاکی کرێکاری بانگهێشتی ئیدارەی ئیتلاعاتی شارەکانی ورمێ و سنە کران.

بەپێی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، ڕۆژی پێنجشەممە ٥ی بانەمەڕ، چالاکێکی کرێکاری بە ناوی "ئەحمەد تەقی‌زادە" دانیشتووی شاری ورمێ، بانگهێشتی ئیدارەی ئیتلاعاتی ئەو شارە کرا و هێزە ئیتلاعاتییەکان لێپرسینەوەیان لەو چالاکە کرێکارییە کرد.

ئەو چالاکە کرێکارییە لە پەیوەندیی لەگەڵ "چالاکییەکانی لە ڕاستای بە دەستهێنانی مافی کرێکارانی یەکەکانی سنعەتی شاری ورمێ" بانگهێشت و لێپرسینەوەیان لەگەڵ کردووە.

لە لایەکی دیکەوە، ڕۆژی چوارشەممە ٤ی بانەمەڕ، دوو چالاکی کرێکاری خەڵکی شاری سنە، بە ناوەکانی "غالب حوسینی" و "موزەفەر ساڵح‌نیا" بانگهێشتی حیراسەتی سپای پاسدارانی ئەو شارە کران.

هێزە ئیتلاعاتییەکان، بەو سێ چالاکە کرێکارییەیان ڕاگەیاندووە، بۆ بەڕێوەبردنی ڕێوڕەسمی ڕۆژی جیهانی کرێکاران موڵەتتان پێی نادرێت و لە ئەگەری بەڕێوەبردنی کۆبوونەوە لە ڕۆژی جیهانی کرێکاران، لەگەڵ ئەوان هەڵسووکەوت دەکەن.