ئاژانسی کوردپا: لە درێژەی خۆکوژییەکان لە نێوهاووڵاتییانی کورد لە کوردستانی ڕۆژهەڵات، لاوێکی تەمەن ٣١ ساڵە خەڵکی شاری سنە لە ڕێگای حەبی برینجەوە هەوڵی خۆکوژی دا.
بەپێی هەواڵی گەیشتوو بە ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، ڕۆژی دووشەممە ١٢ی پووشپەڕ، لاوێکی سنەیی بە ناوی "عەباس عەزیمی" تەمەن ٣١ ساڵ کۆتایی بە ژیانی خۆی هێنا.
بە وتەی سەرچاوەیەکی ئاگادار، ئەو هاووڵاتییە کوردە خێزاندار و منداڵیکی هەبووە و لە ڕێگای حەبی برینجەوە هەوڵی خۆکوژی داوە.
ئەو ڕووداوە لە شەقامی"ژاندارمری" شاری سنە ڕووی داوە.
هەتا کاتی بڵاوبوونەوەی ئەم هەواڵە هۆکاری خۆکوژی ئەو لاوە کوردە نەزانراوە.
هەروەها، ماوەیەک پێش ئێستا لاوێکی تەمەن ٢٤ ساڵ خەڵکی گوندی تەنگیسەر سەر بە شاری سنە بە ناوی"هەژار نەسیری" بە هۆی خواردنی حەبی برینج کوتایی بە ژیانی خۆی هێنابوو.
لە کاتی خواردن یان بۆن کردنی حەبی برنج، جەستەی ئەو کەسە ژەهراوی دەبێت، ئەگەر ئەو ژەهرە لە جەستەی کەسی بەکاربەر دەرنەهێندڕیت، دەبێتە هۆی مردنی ئەو کەسە.
حەبی برنج یان فۆسفیدی ئاڵمینیۆم ژەهرێکی مەترسیدارە، کە بە مەبەستی پاراستنی دانەوێڵە، برینج، کا و گزرە لە ئافات بەکار دەهێنرێت.





