ئاژانسی کوردپا: لە ڕۆژانی ڕابردوودا، هێزە ئەمنییەتییەکان لە پەیوەندیی لەگەڵ ڕوودای چەند ڕۆژی ڕابردووی شاری تاران، لە شارەکانی سەردەشت، بۆکان، پیرانشار و ڕوانسەر ژمارەیەک هاووڵاتی خەڵکی ئەو شارانەیان دەستبەسەر کردووە.
بەپێی هەواڵی گەیشتوو بە ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، لە چەند ڕۆژی ڕابردوودا، ژمارەیەک هاووڵاتی لە لایەن ناوەندە ئەمنییەتییەکانی حکوومەتەوە دەستبەسەر کراون.
هەواڵنێرانی کوردپا لە شارەکانی کوردستان ڕاگەیاند: سێ هاووڵاتی خەڵکی شاری بۆکان لە لایەن هێزە ئەمنییەتییەکانی حکوومەت لەو شارە دەستبەسەر کران.
ئەو سەرچاوەیە، شوناسی دوو کەس لەو سێ کەسەی بە"فەتاحی پوور" و" محەممەدی" ڕاگەیاندووە و ناوی ئەو کەسەکەی دیکە بە ناڕوونی ماوەتەوە.
هەتا ئێستا هیچ زانیاریەک سەبارەت بە شوێنی ڕاگیرانی ئەو سێ هاووڵاتییە بۆکانیە لە بەردەستدا نیە.
هەروەها هەواڵنێری کوردپا لە شاری سەردەشت ڕاگەیاند: هاووڵاتییەکی خەڵکی شاری سەردەشت کە پیشەی پزیشکی بووە و لە بەخشی ئۆرژانس، بەناوی دوکتور"محەممەد خزری" لە شوێنی کارەکەی دەستبەسەر کراوە.
ئەو سەرچاوەیە هەروەها ئەوەشی خستەڕوو، هاووڵاتییەکی دیکە لە شاری پیرانشار بە ناوەی"ئیبراهیم" کە پیشەی پیرایشگاە بووە، لە لایەن هێزە ئەمنیەتییەکانی ئەو شارەوە دەستبەسەر کراوە.
هەر لەو پەیوندەییەدا هەواڵنێری کوردپا لە شاری ڕوانسەر سەر بە پارێزگای کرماشان بە ئاژانسی کوردپای ڕاگەیاند: هاووڵاتییەکی دانیشتووی خەڵکی شاری ڕوانسەر بە ناوی"یاسر وەلد بەیگی" کوڕی ئیقباڵ تەمەن ٣٤ ساڵ دەستبەسەر کراوە.
بە وتەی ئەو سەرچاوەیە، یاسر لە پەیوەندیی لەگەڵ دوو هاووڵاتی دیکە بە ناوەکانی فەرمان و بورهان موزەفەری گیراوە.
لە ڕۆژانی ڕابردوودا، ئاژانسی کوردپا لە هەواڵێکدا ناوی چەندین کەسی بە بیانووی پەیوەندیی لەگەڵ ڕووداوەکانی ئەم دواییانەی شاری تاران، کە لە کوردستان دەستبەسەر کرابوون، بڵاو کردبووە.
پێشتر وەزارەتی ئیتلاعات بە بڵاوکردنەوەی بەیاننامەیەک ڕاگەیاندبوو کە؛کەسانی دەستبەسەر کراو سەر بە گرووپی"وەهابی داعش" ن و ئەو دەستبەسەرکراوانەی بە"تیمە عەمەلیاتییەکان و هەروەها لقە پەیوەندییدارەکان و بەشی تەداروکاتی ئەو گرووپە"ناوزەد کردووە.





