ئاژانسی کوردپا: لە ئەنجامی ئاگرکەوتنەوە بەردەوامەکان لە دارستان و لێڕەوارەکانی ناوچەکانی کوردستان، ئەمجارەیان دارستانەکانی "شلم" لە پارێزگای ئیلام گڕیان تێ‌بەربوو.

بەپێی هەواڵی گەیشتوو بە ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، ڕۆژی چوارشەممە ١٠ی جۆزەردان، سێ ئاگرکەوتنەوە لە دارستانەکانی پارێزگای ئیلام ڕوویدا و ژمارەیەک لە دارستانەکانی ئەو پارێزگایە لە ئاگردا سووتان.

هەروەها، ڕۆژی سێ‌شەممە ٩ی جۆزەردان، بەشێک لە دارستان و لەوەڕگەکانی گوندەکانی "وەسنێ" و "گوێزە کوێرە"ی شاری مەریوان لە ئاگردا سووتان.

هەر لەو پەیوەندییەدا و لە ڕۆژانی ڕابردوودا، بەشێک لە دارستانەکانی شاری پاوە ئاگریان تێبەردرا.

پێشترش، دارستان و لەوەڕگەکانی گوندەکانی "بۆڕیەر و ڕەزاو" لە ئاگردا سووتان و بوونە خۆڵەمێش.

لە پەیوەندیی لەگەڵ ئاگرگرتنی دارستانەکانی ناوچە جیاوازەکانی کوردستانی ڕۆژهەڵات، ئەنجومەنی ژینگەپارێزی سەوزی چیای مەریوان لە بەیاننامەیەکدا ڕایگەیاند: لە تەواوی ئەو ساڵانەدا بەرپرسانی حکوومەتی بە جێگەی دۆزینەوەی ڕێگاچارەیەک بۆ کونتڕۆڵ کردنی ئەو ئاگر کەوتنەوانە، زۆربەی کاتەکان ئەو کارەساتەیان ئینکار کردووە و ڕێژە و ژمارەی ئەو ئاگرکەوتنەوانەیان بە دروستی ڕانەگەیاندووە.