ئاژانسی کوردپا: کۆتایی ئەم حەوتوویە، پرۆسەی ١٢هەمین خولی هەڵبژاردنی سەرکۆماری و هەڵبژاردنی پێنجەمین خولی شۆرای شار و دێ لە حکوومەتی ئیسلامیی ئێران بەڕێوەدەچێت.
ئاژانسی کوردپا لە گەڵ کۆمەڵێک کەسایەتیی سیاسی چەند وتووێژێکی ئەنجام داوە کە ڕوانگە و بۆچوونی ئەو کەسانە لە سەر هەڵبژاردنەکان لە ئێران لەخۆ دەگرێت.
پێنجەمین وتووێژ لە گەڵ خالید تەوەکولی چالاکوانی سیاسی و دانیشتووی شاری سەقز لە کوردستانی ڕۆژهەڵات.
١_بایکوتی شەش حیزب و لایەنی سیاسی کوردستانی ئێران چ باندۆڕێکی یەکالایی کەرەوەی لە سەر بەشداری یان بەشداری نەکردنی کوردەکان لە هەڵبژاردنەکان دەبێ؟ مەبەست ئەو پرۆسەیە کە بە "تحریم فعال" ناسراوە؟

خالید تەوەکولی: بایکۆت کاریگەرییەکی ئەوتۆی نیە بە بڕوای من. ئەمەیش چەند هۆکاری هەیە: یەکەمیان ئەوەیە کە لێکدانەوە و تەفسیرێکی جیاواز هەیە لە نێوان ئەو بۆچوونە کە لایەنگرانی بایکۆت هەیانە لە گەڵ ئەو خەڵکەی کە دەنگ ئەدەن. بۆ نموونە تەحریمییەکان باس لە لابردنی مەشرووعییەت و ڕووخان ئەکەن و ئەمانیش بارودۆخی ئابووری و ئازادییە کۆمەڵایەتییەکانیان لا گرنگە. سەیر لەوەدایە لە لایەن زۆربەی تەحریمییەکانەوە هەوڵێکی جیدی بۆ تەفاهوم نادرێ و لە جیاتی ئەوە، دژبەرانی خۆیان و لایەنگرانی بەشداری بە شێوەی جۆراوجۆر تۆمەتبار ئەکەن. دووەم ئەوەیە کە ئەو ئامرازانە کە حکوومەت لە بەردەستیدایە بۆ هاندانی خەڵک کە بەشدار بن لە دەس تەحریمییەکاندا نیە. سەدان کاناڵی تلەویزیۆنی و گۆڤار و ... لە گەڵ میلیاردها تمەن و چەندین شرۆڤەکار و ... ڕۆژانە خەریکن باس لە بەشداری کردنی خەڵک ئەکەن و هانیان ئەدەن متمانە بکەن بە سەندووقی دەنگدان. سێهەم ئەوەیە کە بۆ هەر کردارێکی فەعال بەر لە هەموو شتێک پێویست بە دەرکێکی دروست لەو مەیدان و بارودۆخە هەیە کە کاری تیا ئەکرێ، پێموانیە ئەو شەش لایەنە وەها ناسینێکی درووستییان ببێ لە فەزای هەڵبژاردنەکان، هەر بۆیە بە پەلە کەوتنە خۆیان و تەحریمیان ڕاگەیاند.
٢_ بانگەشەکانی ئیسلاحتەلەبەکانی کورد بۆ هەڵبژاردنی سەرکۆماری چ دەسکەوتێکیان بۆ کورد دەبێت و بەرژەوەندیی خەڵکی کوردستان لەو هەڵبژاردنە لە چی دایە؟ بۆ چی خەڵکی کوردستان بەشداری لە دەنگداندا بکەن؟
خالید تەوەکولی: لە باری ئابووری و فەرهەنگییەوە دەسکەوتی زۆری هەیە. بۆ نموونە خوێندن بە زمانی کوردی پەرەی پێئەدرێ و ڕۆژنامە و گۆڤاری زیاتر مەجالی وەشاندنیان بۆ فەراهەم ئەبێ، هونەر و هونەرمەندان ئەتوانن ئازادانەتر کار بکەن و بەرهەمی نوێ بخوڵقێنن. لە باری ئابووریشەوە هەر وایە و ئەکرێ بودجەی زیاتر وەربگیردرێ بۆ ڕێگاوبان و ژێرخانی ئابووری پێ پتەوتر بکرێ و ئێستا ئەبینین کە ڕۆژئاوای ئێران کە زۆربەی کوردە لە باری سەنعەتی پێترۆشیمییەوە پیا ئەگەن و سەرمایەگوزاری بۆ ئەکەن. هەروەها، هەر چی بەشداریی خەڵک زیاتر بێ بە هەمان نیسبەت دەنگی ڕێفۆرمخوازنی کورد بۆ دابین کردنی داخوازییەکانیان دلێرتر ئەبێ. لە هەمانکاتدا ئەگەر دەوڵەتێکی باش و لێهاتوو بێتە سەرکار بە شێوەیەکی ناڕاستەوخۆ کاریگەری هەیە لە سەر ژیانی رۆژانەی خەڵک بە گشتی. مەسەلەن ئەگەر وەزعی کاروبار و ئابووری باشتر بێ یان ئینتێرنێت سورعەتی لە سەرۆ بێ یان ژینگە بپارێزرێ و ئازادیی کۆمەڵایەتی زیاتر بێ ... ئەمانە گشت بۆ خەڵکی کوردستانیش باشە و بەشێک لە خەڵک ئەمانەیان لا گرینگە و بە پێی ئەم داخوازییانە دەنگی خۆیان ئەدەن بە کاندیداکان.
_3لایەنە دژبەرەکانی حکوومەتی ئیسلامیی ئێران (لە دەرەوە و لە نێوخۆ) سەبارەت بە هەڵبژاردنەکان "هەموو کاتێ" باس لە بێ کاریگەریی کەس یان کەسایەتییەکان لە گۆڕانی سیاسی، کۆمەڵایەتی، و ئابووری دەکەن، بەڵام هاوکات لە لێکدانەوەکانی خۆیاندا "دژبەران" ئاماژە بە سیستماتیک نەبوونی سیاسەت لە ئێران دەکەن، ئەم پێکناکۆکیە چۆن ڕاڤە دەکەی؟
خالید تەوەکولی: ئەمە تایبەتمەندیی سیاسەت لە ئێراندایە کە بە دەورانێکی هەستیاردا تێئەپەڕێ. لەوانەیە گیروگرفت زۆر بێ، بەڵام هیچ ڕێگاچارەیەکی گونجاوتر نیە. ئینقلاب و شۆڕش و ئەمانە لایەنگری نیە و ئەگەریش ببێ کورد بە تەنیا دەرەقەت نایەت، لە حەقیقەتدا من ناتوانم لەمە حاڵی بم کە بۆچی ئەبێ کورد بە دوای ڕووخانی ڕێژێمی ئێرانەوە بێ، چوونکە نە ئەتوانێ و نە لە بەرژەوەندیی کوردایە کە وەها بارێکی سەنگین و قورس بخاتە سەرشانی خۆی.
بەشێک لە بەرنامەی رێفۆڕمخوازان بە گشتی ئەوەیە کە ئەم پێکناکۆکییە لا بەرن، ئەگەرچی رێگایەکی دوورودرێژ و دژوارییان لە بەردەمدایە، بەڵام جیا لە رێفۆڕم چارەیەکی تر نیە. زۆر جار لە مێژووی وڵاتانی جۆراوجۆرا ئەمە ئەبیندرێ کە لەوانەیە بگەنە دۆخێکی چەقبەستوو و نەگۆڕ. ئێران ئێستا وای لێهاتوە، نە ئینقلاب ئەکرێ و نە ڕێژێمیش حازرە رێگە بە رێفۆڕم بدا، یان ئەگەر ببێ ڕەوەندی گۆڕانکارییەکانی ئەوەندە ئارام و هێواشە کە لەوانەیە خەڵک هیلاک و ناهۆمێد بکا.





