ئاژانسی کوردپا: لە درێژەی گیان لە دەستدانی کرێکارانی کورد لە ئێران بە هۆی ڕووداوی کارەوە، کرێکارێکی کورد، خەڵکی یەکێک لە گوندەکانی شاری سەوڵاوا، لە شاری تاران گیانی لە دەست دا.

بەپێی هەواڵی گەیشتوو بە ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، ڕۆژی هەینی ١٥ی بانەمەڕ، کرێکارێکی کورد، خەڵکی گوندی پایگەلان سەر بە ناوچەی سەوڵاوا لە کاتی کارکردن تووشی ڕووداوی کار بوو.

شوناسی ئەو کرێکارە کوردە "مەسعوود شێر محەممەدی" تەمەن ٢٣ ساڵ ڕاگەیەنراوە.

ئەو کرێکارە لە شاری دەربانسەری نزیک شاری تاران لە بینایەکدا خەریکی کارکردن و تووشی ئەو ڕووداوە بووە.

مەسعوود شیر محەممەدی پاش ئەوەیکە بۆ چارەسەریی پزیشکی دەیگوازنەوە بۆ نەخۆشخانە، پاش چەند کاتژمێرێک گیانی لە دەست دەدات.

بەپێی پێناسە، ڕووداوی کار بریتییە لە؛ هەر ڕووداوێکی کوتوپڕ و نەخوازراو، کە دەبێتە هۆی زیان گەیاندن بە فەرمانبەران یان ئەوەی زیان بە کەرەستەکان، دامەزراوەکان و ژینگە بگەیەنێت.

ڕیژەی مردنی کرێکاران بە هۆی ڕووداوی کار لە ئێران ڕۆژانە بە ٦ کەس خەڵمێنراوە و بە وتەی بەرپرسانی وەزارەتی کار، ڕووداوی کار زیاتر لە ٩٠ هەزار میلیارد تمەن لە ئێران تێچوو هەڵدەگرێت.