ئاژانسی کوردپا: هەوڵی خۆڕسکی ژینگەپارێزانی کوردستان لە گەیاندنی خۆراک و دانانی شوێنی تایبەت بۆ باڵندەکان، چووەتە قۆناغێکی نوێوە.
بەپێی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، دوابەدوای بارینەکانی ئەم دواییانەی کوردستان و دابەزینی لەناکاوی پلەی گەرما، ئەنجوومەنە خەڵکییەکان لە ڕاستای ئەو هەوڵەدا کە بە "مێهرەبانی لەگەڵ ژینگەی ئاژەڵان" ناوی دەرکردووە، هەزاران جێگای تایبەت بە دانەویڵەیان لە دارستانەکان، زەلکاوەکان و ژینگەی دەورووبەری شارەکانیان داناوە.
گەیاندنی خۆراک بە ژینگەی ئاژەڵانی کوردستان، حەوتووی ڕابردوو لە شارەکانی جوانڕۆ، پیرانشار، ڕوانسەر، سەقز، مەهاباد، مەریوان، دێولان و ...هتد، دەستی پێکردووە و داهێنەرانی ئەو هەڵمەتە، باس لە "فەرهەنگ سازی بۆ کەسانی دیکە بە مەبەستی پشتگیری لە ئاژەڵەکان" دەکەن.
هێلانە و شوێنی مانەوەی نوێی گیان لەبەرەکان بەتایبەت باڵندەکان لە مادەی جۆراوجۆری پلاستیکی وەکوو شوێنی ئاوی سروشتی، ساردی و ماست دروست کراوە و لە شوێنە سروشتیەکان دانراون.
هێندێک لە داهێنەرانی ئەم گەڵاڵە گشتگیرە، لە ڕێگای ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپاوە خوازیاری ڕاگڕتنی ڕاوی لەڕادەبەدەری ئاژەڵەکان لە سروشتی کوردستان بوون.
ئەوان هەروەها باسیان لە بەردەوامیی، درێژەدان و پەرەسەندنی ئەو گەڵاڵەیە لە شارەکانی دیکەش کردووە.
چۆلەکە، کۆتر، قاڵاو، دارکونکەرە و کوندەبوو، بەشێک لەو باڵندانەن کە لە خۆراک و ئەو دانەوێڵانەی کە لە لایەن هاووڵاتیانەوە لە شوێنە جۆراوجۆرەکان دانراون، کەڵک وەردەگرن.
لە ماوەی چەند ساڵی ڕابردوودا، شەپۆلێکی خاوێن کردنەوەی سروشت و کۆکردنەوەی زبڵ لە لەوەڕگەکان و داوێنی چیاکان لە کوردستان دەستی پێکردووە و یارمەتی گەیاندن بە ژینگەی ئاژەڵان بەتایبەت باڵندەکان بە هەوڵە داهێنەرانەکانی چالاکانی ژینکە پارێز هەنگاوێکی نوێ لە پاراستنی ژینگەی کوردستان بەئەژمار دێت.











