حەفتەی سێیەمی مانگی رێبەندانی ١٣٩٣ی هەتاوی
ئاژانسی کوردپا: راپۆرتی ئەم حەفتەیەی بەرموور ٥ حاڵەت پێشێلکردنی مافی ژنان لەکوردستان کە بریتییە لە خۆسووتاندنی ٤ ژن لەشارەکانی رەبەت و روانسەر و بێبەش بوونی زەینەب جەلالیان لە مافی چاوپێکەوتن لەگەڵ بنەماڵەکەی و ١ حاڵەت پێشێلکردنی مافەکانی ژنان کە بریتیە لەجێبەجێ کرانی سزای زیندانی فەرح باغی لە شوێنەکانی دیکەی ئێران لەخۆ دەگرێت.

کوردستـــــــــــان

خۆسووتاندنی ٤ ژن لە رەبەت و روانسەر

لەماوەی رۆژانی رابردوودا چوار ژن لەشارەکانی رەبەت و روانسەر لەرێگەی خۆسووتاندنەوە هەوڵی خۆژییان داوە کە گیان لەدەست دانی سێ کەسیانی بەدواوە بووە.

بەپێی ئەو هەواڵانەی کە بڵاو بوونەتەوە، لەماوەی حەفتەی رابردوودا، سێ ژن کە شوناسی دوو کەسیان "سپیدە ئەزەند" تەمەن ٣٣ ساڵ و "خەدیجە ئەحمەد‌پوور" تەمەن ٣٨ ساڵ راگەیەندراوە لەشاری رەبەت و لەرێگەی خۆسووتاندنەوە کۆتاییان بە ژیانی خۆیان هێناوە.

ئەو دوو ژنە هاوڕێ لەگەڵ ژنێکی دیکە کە هێشتا شوناسی نەزانراوە دایکی منداڵی شیرخۆر بوون و هەموویان بەهۆی کێشەی خێزانییەوە دەستیان داوەتە خۆکوژی و کۆتاییان بە ژیانی خۆیان هێناوە.

لەلایەکی دیکەوە لەماوەی حەفتەی رابردوودا، "مریەم . ج " تەمەن ٢٣ ساڵ و خەڵکی ئاوایی "ئاسنگەران"ی روانسەر لەرێگەی خۆستووناندەوە هەوڵی خۆکوژی دا.

مریەم دوو ساڵ پێش ئێستا لەگەڵ کوڕە مامی خۆی ژیانی هاوبەشی پێک هێنابوو و دایکی کۆرپەیەکی شیرخۆریشە.

ئەو ژنە گەنجە بەهۆی کێشەی خێزانییەوە ئاگری لەجەستەی خۆی بەرداوە و بەهۆی قووڵی برینەکانیەوە، پزیشکەکان ئەگەری زیندوومانەوەی بە دوور دەزانن.

زەینەب جەلالیان هێشتا بێ بەشە لە مافی چاوپێکەوتن

زەینەب جەلالیان زیندانیی سیاسیی کورد، لە مانگی سەرماوەزی ساڵی ١٣٨٨ بە تاوانی دژایەتی لەگەڵ خودا و هاوکاری لەگەڵ یەکێک لە حیزبە کوردییەکان دەستبەسەر کراو حوکمی لەسێدارەدانی بۆ بڕایەوە

زەینەب جەلالیان زیندانی سیاسی کورد دوای ئەوەی لە زیندانی کرماشانەوە گوازرایەوە بۆ زیندانی شاری "خۆی" هێشتا لە مافی چاوپێکەوتن لەگەڵ بنەماڵەکەی بێبەشە.

بەپێی ئەو هەواڵانەی کە بڵاو بوونەتەوە، زەینەب جەلالیان کە نزیک بە دوو مانگ پێش ئێستا لە زیندانی دێزڵ‌ئاوای کرماشانەوە بۆ زیندانی خۆی گوازرابووەیەوە، هێشتا لە هەبوونی مافی مەرەخەسی و چاوپێکەوتن لەگەڵ بنەماڵەکەی بێبەشە و ئەو مافەی پێ نادرێت.

ناوبراو کە بە تۆمەتی ئەندامەتی لە حیزبێکی کوردیدا دەستبەسەر کراوە، مەترسیی ئەوەی لەسەرە کە بەتەواوەتی بینایی چاوەکانی لەدەست بدات و پێویستی خێرای بە چارەسەری هەیە.

زەینەب جەلالیان زیندانیی سیاسیی کورد، لە مانگی سەرماوەزی ساڵی ١٣٨٨ بە تاوانی دژایەتی لەگەڵ خودا و هاوکاری لەگەڵ یەکێک لە حیزبە کوردییەکان دەستبەسەر کراو حوکمی لەسێدارەدانی بۆ بڕایەوە.

ئەم حوکمە لە "دیوانی باڵای وڵات"دا بۆ زیندانی هەتاهەتایی گۆڕدرا.

ئێـــــــــــــران

سزای یەک ساڵ زیندانی فەرەح باغی جێبەجێ کرا

فەرەح باغی ساڵی ١٣٩٠ دەستبەسەر کرا و دواتر لەلایەن لقی یەکەمی دادگەی شۆڕشی یەزدەوە سزای ١ ساڵ زیندانی تەعزیری بۆ بڕایەوە

یەکێک لە ژنانی بەهایی دانیشتووی یەزد کە پێشتر لەلایەن دادگەی شۆڕشی ئەو شارەوە بە ١ ساڵ زیندانی تەعزیری مەحکوم کرابوو، لەماوەی رۆژانی رابردوودا بەمەبەستی تێپەڕاندنی ماوەی حوکمەکەی، خۆی بە زیندانی ئەو شارە ناساند.

بەپێی ئەو هەواڵانەی کە بڵاو بوونەتەوە، رۆژی سێشەممە ٢١ی ریبەندان، فەرەح باغی دوای ئەوەی کە رۆژی پێشتری هێزە ئەمنیەتییەکان چوبوونە ماڵیان، بەمەبەستی تێپەڕاندنی ماوەی ١ ساڵەی حوکمەکەی، خۆی بە زیندانی ناوەندی یەزد ناساند.

فەرەح باغی ساڵی ١٣٩٠، هاوڕێ لەگەڵ ١٩ هاووڵاتی دیکەی پێڕەوی ئایینی بەهایی لەشارەکانی یەزد، کرمان، ئسیفەهان و ئەراک دەستبەسەر کران و دواتر لەلایەن لقی یەکەمی دادگەی شۆڕشی یەزدەوە سزای ١ ساڵ زیندانی تەعزیری بۆ بڕایەوە.

هێزە ئەمنییەکان لەکاتێکدا چوونەتە ماڵی ئەو هاووڵاتییە بەهاییە کە بڕیار بووە ناوبراو رۆژی ٢٧ی رێبەندان خۆی بە زیندانی یەزد بناسێنێت.

ئامادە کردن: شاهۆ
سەرچاوەکان:
ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا (٥حاڵەت)
ماڵپەڕی "هێرانا" ( ١حاڵەت)