ئاژانسی کوردپا: بەهۆی تەقینەوەی دیگی بوخار(هەڵم)ی کارخانەی قەندی "زەڕین"ی شاری میاندواو، ٦ کرێکاری ئەو کارخانەیە بریندار بوون و رەوانەی یەکێک لە ناوەندە دەرمانییەکانی ئەو شارە کران.

هەواڵدەریی "مێهر" بڵاوی کردەوە، رۆژی پینج‌شەممە ریکەوتی ٢٦ی بانەمەر "دیگی بوخار"ی یەکێک لە کارگەکانی بەرهەم هێنانی قەندی شاری میانداو تەقییەوەتەوە و سەرەڕای برینداربوونی ٦ کرێکار، بەشێکی بەرچاو لەو کارخانەیەش رووخاوە.

کارناسانی ئیدارەی بیمە و ئاگرکوژێنەوەی شاری میاندواو، ناستانداردبوونی "شێری ئیتمینان"ی دیگی بوخاری ئەو کارگەیەیان وەک هۆکاری هاتنە ئارای ئەو تەقینەوەیە دەستنیشان کردووە.

ئەو کارگەیە لە شارۆچکەی سەنعەتیی شاری میاندواو هەڵکەوتووە و هەتا ئێستاش هۆکاری ئەو تەقینەوەیە بەشێوەی فەرمی رانەگەیەندراوە.