١٧ی خەزەڵوەری ١٤٠٥؛ «سەهەند نیک‌خا»، مێردمنداڵی ١٦ ساڵەی خەڵکی ئیلام و قوتابیی بەشی بیرکاری ، لە دوای ٢٣ ڕۆژ دەسبەسەرکرانی سەرەڕۆیانە، ڕۆژی شەممە ١٦ی خەزەڵوەری ١٤٠٥ بە دانانی بارمتە بە شێوەی کاتی ئازاد کرا. ناوبراو لە ماوەی دەسبەسەرکرانیدا لە دەستڕاگەیشتن بە پارێزەر، چاوپێکەوتن و پەیوەندیگرتن لەگەڵ بنەماڵەکەی بێبەش بووە. سەرچاوەیەکی ئاگادار لە وتووێژێک لەگەڵ کوردپادا ڕایگەیاند کە سەهەند نیک‌خا ١٨ ڕۆژی یەکەمی دەسبەسەرکرانەکەی لە یەکێک لە گرتنگە ئەمنییەکانی ئیدارەی ئیتلاعات، لە ژێر دەسبەسەری و لێپرسینەوەدا بەسەر بردووە و پاشان بۆ زیندانی ناوەندیی ئیلام گواستراوەتەوە. ناوبراو لە دوای گواستنەوەی بۆ ئەم زیندانە، مافی پەیوەندیگرتن لەگەڵ بنەماڵەکەی پێ دراوە و لە کۆتاییدا بە دانانی بارمتە و بە شێوەی کاتی ئازاد کراوە. سەهەند نیک‌خا ڕۆژی ٢٤ی ڕەزبەری ١٤٠٥، بەبێ بەڵگەی یاسایی، لەلایەن هێزە ئەمنییەکانی ئیدارەی ئیتلاعاتەوە دەسبەسەر کراوە و بۆ شوێنێکی نادیار گواستراوەتەوە. هەتا ئێستا هۆکارەکانی دەسبەسەرکرانی ئەم مێردمنداڵە کوردە دیار نییە و هێزە ئەمنییەکانیش لەمبارەیەوە هیچ ڕونکردنەوەیەکیان نەداوە.