حەفتەی یەکەمی مانگی بانەمەڕی ١٣٩٢
ئاژانسی کوردپا: بەمەبەستی زیاتر زەق کردنەوە و تاوتوێ کردنی مەسەلە پەیوەندیدارکانی تایبەت بە ژنان، ئاژانسی کوردپا بەشێوی حەفتانە راپۆرتێک لەژێر ناوی "بەرموور" بڵاو دەکاتەوە.
ئامانجی سەرەکیی لە بڵاوکردنەوەی ئەم راپۆرتە تایبەتییە، زەق کردنەوەی پێشلکارییەکانی دەرهەق بە ژنان و هەروەها گرینگی دان بە سەرجەم چالاکییەکانی ژنان کە لەلایەن ژنان و رێکخراوەکانی پەیوەندیدار بە ژنانەوە ئەنجام ئەدرێت.
بەهۆی بەربڵاوی و گرینگیی ئەم بابەتە و هەروەها نەبوونی دەنگدانەوە لە ناو مێدیاکاندا، "بەرموور" بە شێوەی دیاریکراو دەپرژێتە سەر بابەت و مەسەلەکانی ژنان لە ناوچە کوردنشینەکانی ئێران، بەڵام ئەمە بەو واتایە نییە کە ناوچەکانی دیکەی ئێران دەخرێنە پەراوێزەوە، بۆیە ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا هەوڵ ئەدات بەپێی ئیمکان، گرینگی بە سەرجەم ناوچەکان دیکەی ئێرانیش بدات.
لە راپۆرتی ئەم حەفتەیەدا، درێژەی رەوتی کوژرانی ژنانی کورد بە دەستی کەسوکاری خۆیان و خۆکوژیی ژنانی کورد، ئازادیی فاتمە پەرویزی پاش تەواوبوونی ماوەی حوکمەکەی، مردنی کچە خوێندکارێک لە زانکۆی تەورێز، ئاشکرابوونی بڵاوبوونەوی بەڵگە نهێنییەکانی کچە خوێندکارانی زانکۆی شاری کورد، بارودۆخی ژنانی زیندانی و چالاکانی ژن لە ئاستی ئێراندا دەخرێتەڕوو.
کوردستـــــــان
کوژرانی ژنێک بەدەستی هاوسەرەکەی

لەماوەی رۆژانی رابردوودا ژنێکی لاو بە دەستی هاوسەرەکەی خۆی بەزەبری فیشەک لەشاری سنە کوژرا.
رۆژی شەممە رێکەوتی ٧ی بانەمەڕ، ژنێک کە بەمەبەستی جیابوونەوەی "غیابی" لە هاوسەرەکەی خۆی "سەردانی ماڵی مەلا "ع . ک"یان لە گەڕەکی فەیزاوای شاری سنە کردبوو، بەدەستی هاوسەرەکەی خۆی کوژرا.
سەرچاویەکی ئاگادار لەو رووداوە بەهەواڵنێری کوردپای راگەیاند: ئەو ژنە ماوەی چەندین مانگە بەهۆی خراپیی مێردەکەیەوە لە دادگا سکاڵای تۆمار کردبووە، بەڵام بەهۆی ئەوەی کە خالید کەسێکی سەربە سپای پاسداران بووە، دادگا هیچ وڵامێکیان بە ئەو ژنە کوردە خەڵکی ناوچەی سەرشیوی سەقز نەداوەتەوە، بۆیە ناوبراو ویستوویەتی بەشێوەی غیابی لەلای ئەو مەلایە تەڵاق لە مێردەکەی وەربگرێت.
ئەو سهرچاوهیه ئەوەشی خستهروو، کە "خالید" کەسێکی سەربە سپای پاسداران و چەکی حکوومەتی پێبووە و کاتێک بەم مەسەلەیەی زانیوە چووەتە ماڵی ئەو مەڵایە و لە ئەنجامی دروست بوونی کێشە لە نیوانیداندا، ٥ فیشەکی لە ژنەکەی خۆی بەناوی "رەعنا راعدی" داوە و ژنەکەی دەست بەجێ گیانی لەدەست داوە.
خۆکوژیی کچێک و ژنێک لە شاری سەردەشت

حهفتەی رابردوودا کچێک و ژنێک له شاری سهردهشت ئاگریان له جهستهی خۆیان بهرداوه و ههر دووکیان بهو هۆیەوە گیانیان له دهست دا.
بهپێی ئهو ڕاپۆرته یهك لهو قوربانییانه کچێکی تهمهن ١٨ ساڵ به ناوی "شههێن رۆستهمی" و ژنێکی دیکە به ناوی "گوڵزار جهماڵی"، تهمهن ٢١ ساڵ بەهۆی کێشەی کۆمەڵایەتییەوە کۆتاییان بەژیانی خۆیان هێناوە.
گوڵزار جەماڵی کە خەلکی گوندی "گولینی" شاری سەردەشت و دانیشتووی ئەو شارە بووە کە چەند رۆژ پێش ئێستا ئاگری لە جەستەی خۆی بەردابوو کە رۆژی یەکشەممە رێکەوتی ٨ی بانەمەڕ بەهۆی لەسەرێ بوونی رێژەی سووتانەکەی، لە یەکێک لە ناوەندە دەرمانییەکانی شاری سەردەشت گیانی لەدەست دا.
بەپێی ئاماری تۆمار کراو لە ناوەندی ئاماری ئاژانسی کوردپا، لە سەرەتای ساڵی ١٣٩٢ی هەتاوییەوە هەتا ئێستا ٩ حاڵەتی خۆکوشتنی ژنان لە ناوچە کوردنشینەکانی ئێران تۆمار کراوە، کەلە کۆی ئەو رێژەیە ٨ حاڵەتیان مردنی ژنانی لێکەوتۆتەوە.
ئەو ئامارە رێژەییە و بەپشت بەستن بە ناوەندی ئاماری ئاژانسی کوردپا بڵاو دەکرێتەوە کە دەکرێ ئاماری راستەقینە لەو رێژەیەش زیاتر بێت.
ئازادیی فاتمە پەرویزی لە زیندان

فاتمە پەرویزی ژنە زیندانیی سیاسیی کورد پاش تێپەڕاندنی ماوەی حوکمەکەی لە زیندان ئازاد کرا.
ناوبراو کەلە ماوەی تێپەڕاندنی حوکمەکەی لەلایەن بەرپرسانی زیندانەوە رێگری لە چارەسەریی نەخۆشییەکەی دەکرا پاش ئازادیی لە زیندان خرایە ژێر چاوەدێریی پزیشکییەوە.
فاتمە پەرویزی تەمەن ٥٣ ساڵ، لە سەرماوەزی ساڵی ١٣٩١ی هەتاوییەوە لەلایەن هێزە ئیتلاعاتییەکانەوە لە شاری کەرەج دەستبەسەر و بۆ زیندان راگوێزرا.
ناوبراو لەلایەن دادگای ئینقلابی شاری کەرەجەوە بە تۆمەتی بێڕێزی کردن بە "سەربزانی بێ ناو و نیشانی ئیمامی زەمان" ٦ مانگ زیندانی تەعزیریی بۆ بڕایەوە.
ئێـــــــــــــــران
مردنی کچە خوێندکارێک لە تەورێز هەتا ئاشکرابوونی نهێنیی شەخسییەکانی خوێندکارانی زانکۆی شاری کورد

لەحەفتەی رابردوودا یەکێک لە کچە خوێندکارانی پەیمانگەی وەرزێڕیی شاری تەورێز بەهۆی ژەهراوی بوونی خواردەمەنی، تووشی سکچوون هاتووە لە ئەنجامدا بووەتە هۆی گیان لەدەست دانی.
رۆژی پێنجشەممە رێکەوتی ٥ی بانەمەڕ کچە خوێندکارێکی زانکۆی شاری تەورێز بەناوی "مریەم ئەکرەمیفەر" بەهۆی تووشبوون بە سکچوونی لەڕادەبەدەر، پاش گەیشتن بە یەکێک لە ناوەندە دەرمانییەکانی ئەو شارە، گیانی لەدەست دا.
ئەو کچە خوێندکارە خەڵکی شاری "ئیسفەهان" بووە کە لە سەرەتای حەفتەی رابردووەوە بەهۆی ژەهراوی بوونی خواردەمەنی، تووشی "هەو کردنی مێعدە" و سکچوون بووە کە رۆژی پێنجشەممە پاش چەند کاتژمێر لە گەیشتن بە نەخۆشخانە، گیانی لەدەست داوە.
پزیشکی دادوەریی شاری تەورێز، هۆکاری گیان لەدەست دانی ئەو کچە خوێندکارەی "ژەهراوی بوونی خواردەمەنی" راگەیاندووە.
لەلایەکی دیکەوە و بەپێی راپۆرتی ماڵپەڕی "دانشجو نیوز"، بەڵگە و مەدرەکی شەخسیی کچە خوێندکارانی زانکۆی شاری کورد بەهۆی کەمتەرخەمیی بەرپرسانی ئەو زانکۆیەوە لە نیو زانکۆدا بڵاو بۆتەوە. ئەو کەمتەرخەمییەی بەرپرسانی زانکۆ، ناڕەزایەتیی خوێندکارانی لێکەوتۆتەوە.
ئەو بەڵگە و مەدرەکانە "ناو و ناوبانگ، وێنەی رەنگی، ژمارە تەلەفۆنی مۆبایل، ناونیشانی ماڵ و ژمارەی تەلەفۆنی ماڵ، کۆپیی ناسنامە و کارتی پێناسی میللی، پەروەندەی پزیشکی و کۆمەڵێک زانیاریی بنەماڵەیی" لە خۆ گرتووە.
بڵاو بوونەوەی ئەو بەڵگە و مەدرەکانە بۆتە هۆی دروست بوونی کێشە بۆ کچە خوێندکاران و رۆژانە چەندین کەسی نەناسراو بە تەلەفۆن پەیوەندی بە کچە خوێندکارانەوە دەکەن.
بارودۆخی چالاکان و ژنە زیندانیان لە حەفتەی رابردوودا

لە ماوەی حەفتەی رابردوودا رەوتی دەستبەسەر کردن و بانگهیشتی چالاکانی ژن بەردەوام بووە و هاوکات ژنە زیندانییەک لە زیندان ئازاد کرا و یەکێکی دیکەش توانی بۆ یەکەم جار چاوی بە بنەماڵەکەی بکەوێت.
بەپێی هەواڵی ماڵپەڕی "هێرانا"، "شادیار عومرانی" نوسەر، رۆژنامەنووس و ورگێڕ کە بەناوی خوازراوی "شورش رها" پەیوەندی بە کەناڵە فارسییەکانی دەرەوەی وڵاتەوە گرتووە لەلایەن نوێنەری ئاسۆرییەکانەوە لە مەجلیسی ئێران، بانگهێشت کراوە.
هۆکاری ئەو بانگهێشت کردنە، پەیوەندی لەگەڵ ئاسۆرییە دەستبەسەر کراوەکان راگەیەندراوە کە رێبەندانی ساڵی ١٣٩١ی هەتاوی بە تاوانی پەیوەندی لەگەڵ قەشە "عەمانوئێل" لە شاری تاران دەستبەسەر کرابوون.
ناوبراو لە رۆژانی ٢٣ی رێبەندان و ٥ی رەشەمەی ساڵی ١٣٩١دا لەلایەن نوێنەری ئاسۆرییەکانەوە لە مەجلیسی ئێران بانگهێشت کراوە.

لەلایەکی دیکەوە یەکێک لە ژنە بەهاییەکانی ئوستانی ئیسفەهان بەناوی "ئیلهام رووزبێهی"، رۆژی ٧ی بانەمەڕ بۆ تێپەراندنی ماوەی حوکمەکەی خۆی بە ئیدارەی بەڕێوە بردنی حوکمەکان ناساند کە هەر لەو شوێنە دەستبەسەر و رەوانەی زیندانی تایبەت بەژنانی سیمنان کرا.
ئەو هاووڵاتییە بەهاییە خاوەن منداڵێکی تەمەن ١ ساڵەیە و بەم پێیە چوارەمین هاووڵاتیی بەهاییە کە هاوڕێ لەگەڵ منداڵەکەی لە زیندانی تایبەت بە ژنانی سیمنان لە دەستبەسەری دایە.
ئیلهام رووزبێهی، رێکەوتی ٥ی رێبەندان ساڵی ١٣٩٠ بە تاوانی "پڕوو پاگەندە بە دژی نیزام و پێکهێنانی گروپی نایاسایی" بە ٣ ساڵ زیندانی تەعزیری مەحکووم کرا کەلە هاوێنی ساڵی ١٣٩١ی هەتاوێدا ئەو حوکمە بۆ ٢ ساڵ کەم کرایەوە.
لەلایەکی دیکەوە جەمیلە کەریمی پاش ٢٠ رۆژ لە دەستبەسەر کران، توانی لەگەڵ براکەی خۆی چاوپێککەوتن ئەنجام بدات.
ناوبراو کە ئەندامی شۆرای ناوەندیی بەرەی رێفۆرم خوازانی ئوستانی فارس بووە، رۆژی پێنجشەممە رێکەوتی ٢٢ی خاکەلێوە لە ماڵەکەی خۆیدا لەلایەن هێزە ئیتلاعاتییەکانی حکوومەتی ئیسلامیی ئێرانەوە دەستبەسەر کرا و هەتا ئیستا لە زینداندا راگیراوە.
سەرەڕای بەدواداچوونی بەردەوام، هەتا ئێستا پارێزەرەکەی نەیتوانیوە چاوی بەو ژنە زیندانییە بکەوێت.
هەروەها "گوڵرۆخ فیروزیا" هاووڵاتیی بەهایی خەڵکی سیمنان کە لە ١٩ی رەشەممە ساڵی رابردوودا لەلایەن هێزە ئیتلاعاتییەکانەوە لە شاری سیمنان دەستبەسەر کرابوو، پاش ٤٦ رۆژ لە دەستبەسەر کران، رێکەوتی ٥ی بانەمەڕی ١٣٩٢ بە دانانی بارمتەی ١٠٠ میلیۆن تمەنی بەشێوەی کاتی ئازاد کرا.
لەلایەکی دیکەوە رۆژی چوارشەممە ریکەوتی ١١ی بانەمەڕ، مەئموورانی ئیدارەی ئیتلاعاتی شاری مەشهەد چوونەتە بەندی زیندانیانی عەقیدەتی و زیندنای وەکیلئاباد و ٢ ژنە زیندانیی بەهاییانبەناوەکانی "نوورا نەبیلزادە" و "ساناز تەفەزەلی"یان بەبێ هیچ بەڵگە و تاوانێک بۆ ئیدارەی ئیتلاعاتی مەشهەد راگواستووە.
مەئموورانی ئیتلاعات رایانگەیاندووە کە ئەو ٢ کەسە بۆ ماوەی ١٠ رۆژ لە ئیدارەی ئیتلاعاتی مەشهەد دەمێننەوە و ئەوە شلە حاڵێک دایە کە ماوەی حوکمی "ساناز تەفەزولی" رێکەوتی ١٥ی بانەمەڕ کۆتایی دێت.
نوورا نەبیل زادە ماوەی حوکمە ٥ ساڵ زیندانییەکەی لە زیندانی وەکیلئابادی مەشهەد تێپەڕ دەکات.

هاوکات ٢ قەشەی مەسیحی بەناوەکانی "سومەییە بوخاری" و "رووناک سەماوات" لەلایەن هێزە ئیتلاعاتییەکانی حکوومەتی ئیسلامیی ئێرانەوە دەستبەسەر کران.
سومەییە بوخاری رۆژی چوارشەممە رێکەوتی ٤ی بانەمەڕ و هەروەها رووناک سەماوات رۆژی پێنجشەممە رێکەوتی ٥ی بانەمەڕ لەلایەن یزە ئیتلاعاتییەکانەوە لە ماڵی شەخسیی خۆیان لە شاری تاران دەستبەسەر کران.
سەرچاوەکان:
ئاژانسی هەوالدەریی کوردپا
هەوالدەریی هێرانا"
ماڵپەڕی "نێدای سەوزی ئازادی"
کەمپەینی بەرگری لە زیندانیانی سیاسی و مەدەنیی کورد
ماڵپەڕی هەواڵ و راپۆرتی "روز"
ماڵپەڕی دانشجوو نیوز





