ئاژانسی کوردپا: بۆ بەدواداچوون لەسەر دوایین بارودۆخی پەروەندەی برایانی کوردپوور، ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا دیمانەیەکی لەگەڵ پارێزەر و ئەسعەد کوردپوور برای ئەو ٢ رۆژنامەنووسە زیندانی کراوە پێکهێنا.

بەپێی راپۆرتی ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، "عەباس جەماڵی" پارێزەری ئەو ٢ برا رۆژنامەنووسە کوردە لە لێدوانێکدا بە هەواڵنێریی کوردپای راگەیاند: "لەبەر ئەوەی کە برایانی کوردپوور هەتا ئێستا لە ژێر لێکۆڵینەوەی ئیدارەی ئیتلاعات دان، نەمتوانیوە بەشێوەی فەرمی پارێزەرییەکەیان بە ئەستۆ بگرم".

پارێزەری مەسعوود و خوسرەو کوردپوور ئەوەشی خستەڕوو کە تاوانی ئەو ٢ برا رۆژنامەنووسە هەتا ئێستا بە ئێمە رانەگەیەندراوە، بەڵام ئیدارەی ئیتلاعات بە تاوانێکی دیاری کراو لێکۆڵینەوەیان لێ دەکات.

عەباس جەماڵی، پارێزەری مەسعوود و خوسرەو کوردپوور

جەماڵی ئاماژەی بەوەشدا کە لێکۆڵینەوەی برایانی کوردپوور هەتا ئێستا تەواو نەبووە، کە بزانین تاوانەکەیان چییە؟ تاوانەکەیان لە چ بوارێک دایە یان بەڵگەی تاوانەکەیان چییە؟ بۆیە هەتا ئەو کاتەی لێکۆڵینەوەکانیان تەواو نەبێت، ئیدارەی ئیتلاعات ئێزنی چاوپێکەوتنمان پێ نادات.

هەرلەو پەیوەندییەدا ئەسعەد کوردپوور برای مەسعوود و خوسرەو کوردپوور لە لێدوانێکی تەلەفۆنیدا بە ئاژانسی کوردپای راگەیاند: ماوەی چەند رۆژە بەمەبەستی روون کردنەوەی پەروەندە و ئاگاداراربوونی لە بارودۆخی براکانیان، سەردانی دادگای ئینقلابی شاری مەهاباد دەکەین، بەڵام قازیی پەروەندەکەیان پێی راگەیاندین کە ئەوان تەنیا وەڵامی پارێزەرەکەیان ئەدەنەوە ، چونکە تەنیا پارێزەر لە قسەکانی ئێمە تێدەگات.

برای ئەو ٢ چالاکە فەرهەنگییە ئەوەشی خستەڕوو، "هەتا ئێستا چەندین جار داوای چاوپێکەوتنمان کردووە و تەنانەت بازپورسی پەروەندەکەیان ئیزنی دا کە چاومان پێیان بکەوێت، بەڵام لە کاتی سەردان بۆ ئیدارەی ئیتلاعاتی مەهاباد، لەگەڵ وەڵامی، براکانی ئێوە لێرە نین و دەبێ لە سەرەوە هەماهەنگی بکرێت، بەرەوڕوو بوینەوە".

رێکەوتی ١٧ و ١٩ی رەشەمەی ١٣٩١ی هەتاوی خوسرەو و مەسعوود کوردپوور لەلایەن هێزە ئیتلاعاتییەکانی حکوومەتی ئیسلامیی ئێرانەوە لە شاری مەهاباد دەستبەسەر کران و هەتا ئێستاش سەرەڕای بەدواداچوونی پارێزەر و بنەماڵەکەیان، هێچ هەواڵێک لە چارەنووسی ئەو ٢ برا رۆژنامەنووسە لەبەر دەستدا نییە.