ئاژانسی کوردپا: ٤ کرێکاری خەڵکی ئوستانی ئیسفەهان تووشی رووداوی کار بوون و لە ئەنجامدا کەسێکیان گیانی لەدەست دا.
بەپێێ هەواڵی گەیشتوو بە ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، سەرلە بەیانی ئەمڕۆ یەکشەممە رێکەوتی ٢٧ی رەشەممە هاووڵاتییەکی بەڕەگەز تورک بەناوی "عەلی رەزایی" (فروزەندە) تەمەن ٥٣ ساڵ و خەڵکی شاری ئیسفەهان بەهۆی رووداوی کارەوە لە شاری سلێمانی گیانی لەدەست داوە و ٣ کرێکاری دیکەش بەتوندی بریندار بوون.

هەواڵنێری کوردپا لە شاری سلێمانییەوە رایگەیاند: ئەو ٣ کرێکارە لە شیرکەتی "ئازادی" کاریان کردووە و رووداوەکەش لە پرۆژەیەکی شیرکەتی تەلەفۆنیی "ئاسیا سێڵ" لە نزیک گەڕەکی "راپەڕین" لە شاری سلێمانی هاتوەتە ئاراوە.
لەلایەکی دیکەوە ٣ رۆژ پێش ئێستا شۆفیری ماشێنێکی نەوت هەڵگر بەناوی "مەنوچێهر لوتفی" لە نزیک شارۆچکەی "پێنجوێن"ی هەرێمی کوردستان بەهۆی رووداوی گازگرتووییەوە گیانی لەدەست داوە.
ئەو هاووڵاتییە بەرەگەز تورک و خەڵکی یەکێک لە شارەکانی ئوستانی "ئازەربایجانی رۆژئاوا"ی وڵاتی ئێران بووە کە لە نێو ماشێنەکەی خۆیدا تووشی رووداوی گاز گرتوویی هاتبوو و لە ئەنجامدا گیانی لەدەست دابوو.





