ئاژانسی كوردپا: ئەمڕۆ لە شاری هەولێر دوومین كۆنفرانسی ساڵانەی زانستیی زمانی كوردی لەلایەن ئەكادیمیای كوردی و بە چاوەدێریی وەزارەتی رۆشنبیری دەستی بە كارەكانی خۆی كرد.
وتەبێژی دووەمین كۆنفرانسی زانستیی زمانی كوردی لە لێدوانێكی تایبەتدا لەگەڵ ئاژانسی كوردپا وتی:" كاتژمێر ١٠ی سەرلە بەیانیی ئەمڕۆ لە هۆڵی سوبحی كۆیی لە كتێبخانەی گشتیی لە پاركی سامی عەبدولڕەحمان لە شاری هەولێر، بە ئامادەبوونی بەشێكی بەرچاو لە نووسەر، توێژەر و مامۆستایانی زانكۆ و میوانانی هەرێم و دەروەی وڵات، دووەمین كۆنفرانسی ساڵانەی زانستیی زمانی كوردی دەستی بە كارەكانی كرد".
ئازاد عەبدولعەزیز وتیشی: "لە رێوڕەسمی دەسپێكی كۆنفرانسدا وتاری لێژنەی باڵای كۆنفرانس، پەیامی نوێنەری سەرۆكی حكوومەتی هەرێم، وەزیری رۆشنبیری و لاوانی حكوومەتی هەرێم و ئاكادیمیای كوردی خوێندرانەوە و دواتر لە بڕگەیەكیتردا پێنج كەس كەلە رێكخستنی كۆنفرانسدا رۆڵیان هەیە رێزیان لێنرا كە بریتی بوون لە:
ـ كاوە مەحموود وەزیری رۆشنبیریی و لاوانی حكوومەتی هەرێم
ـ دوكتۆر عیسمەت، وەزیری پەروەردی حكوومەتی هەرێم
ـ دوكتۆر عەلی سەعید، وەزیری خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی
ـ دوكتۆر نووری تاڵەبانی، بەرپرسی ئاكادیمیای كوردی
ـ ئازاد حەمەدەمین، نەقیبی سەندیكاری رۆژنامەنووسانی كوردستان
وتەبێژی دووەمین كۆنفرانسی زمانی كوردی ئەوەشی ئاشكرا كرد، كۆنفرانس كە بۆ تاوتوێی تەوەری "پەروەردە و میدیا" تەرخان كراوە، بەسەر چوار پانێلدا دابەش كراوە كە هەر تەوەرێك لە دوو پانێلی جیاجیادا بابەت و توێژینەوەكان تێدا دەخوێنرێنەوە.
دووەمین كۆنفرانسی زانستیی زمانی كوردی هەتا رێكەوتی ٢٨ی سەرماوەز دەخایەنێت.
یەكەم كۆنفرانسی زانستیی زمانی كوردی مانگی خەرمانانی ساڵی ١٣٩٠ بەڕێوە چوو.





