ئاژانسی کوردپا: رێژەی هاوسەرگیری لە پارێزگای کوردستان لە ٦ مانگی یەکەمی ئەمساڵ بە بەراورد لەگەڵ ساڵی رابردوو ١٢% کەمی کردووە.
هەواڵدەریی فارس لەزاری "ئەمیر جەوان کیا"بەرپرسی ئیدارەی رەگەزنامەی باری کەسێتیی پارێزگای کوردستان لە ٦ مانگی یەکەمی ئەمساڵ ٩ هەزار و ٥١ حاڵەتی هاوسەرگیری لەو پارێزگایە تۆمار کراوە کە ئەو رەێژەیە لە ٦ مانگی یەکەمی ساڵی رابردوودا ١٠ هەزار و ٣٣٣ حاڵەت بووە کە بە بەراورد لەگەڵ ٦ مانگی یەکەمی ساڵی رابردوو ١٢% کەمی کردووە.
ئەمیر جەوان کیا راشیگەیاند: کە ساڵی رابردوو ٢١ هەزار و ٣٣٧ حاڵەتی هاوسەرگیری ئەنجام دراوە و هاوکات ٣ هەزار ٨٠ حاڵەتی "تەڵاق"یش رووی داوە.
ئەو بەرپرسە ئاماژەی بە زیادبوونی رێژەی "٦.٩١ لە سەدی" تەڵاق داوە و گوتی:لە ٦ مانگی یەکەمی ئەمساڵدا ١٥٧٨ حاڵەتی تەڵاق رووی داوە، بەڵام ئەو رێژەیە لە ٦ مانگی یەکەمی ساڵی رابردوودا ١٤٧٦ حاڵەت بووە.
ناوبراو لە درێژەدا باسی لەوە کردووە کە ئەو ئامارانە دەرخەری دۆخی نالەباری هاوسەرگیرییەکانن لە پارێزگای کوردستان، بۆیە پێویستە بە شێوەیەکی زانستیانە خەسارناسی و لێکۆڵینەوە لەو بوارەدا بکرێت و بەرپرسان و کارناسان هەنگاوی ئەرێنی بۆ هەڵبگرن.
لە درێژەدا راشیگەیاندووە، کە لەهەر رۆژێکدا ٨٨ حاڵەتی هاوسەرگیری ئەنجام دەدرێت و هاوکات ١١ حاڵەتی جیابوونەوەش روو ئەدات.
هەروەها رێژەی ئەو سکاڵایانەی کەلە دادگاکان لەسەر تەڵاق تۆمار کراون "٦٠% ژنان، ٣٠% پیاوان و ١٠% "یش بە شێوەی دڵخواز بوون.
جێگری کاروباری کۆمەڵایەتیی پارێزگای کوردستان هۆی ئەو جیابوونەوانەی بۆ کێشەی ئابووری، بێکاری و گیرۆدە بوون بە مادەی هۆشبەر گەڕاندۆتەوە راشیگەیاندووە کە بەپشت بەستن بەو ئامارانە، پارێزگای کوردستان هەشتەمین پارێزگایە کە زیاترین حاڵەتی جیابوونەوە تێیدا روو ئەدات.




