ئاژانسی كوردپا: هاووڵاتییەكی خەڵكی توركیە لەسەر سنووری ئێران ـ توركیە دراوەتە بەر دەستڕێژی هێزەكانی نیشتەجێی بنكەیەكی نیزامیی حكوومەتی ئێران و بە توندی بریندار بووە.

بەپێی هەواڵی ئاژانسی هەواڵدەریی كوردپا، رۆژی هەینی 14ی رەزبەری ساڵی 1391ی هەتاوی هاووڵاتییەكی كوردی خەڵكی كوردستانی توركیە بەناوی "هەقی بالا" كوڕی رەشید و خەڵكی گوندی "پاگەنگ" لە كوردستانی توركیە لەناو ماشینەكەی خۆی لەلایەن هێزە نیزامییەكانی حكوومەتی ئێران لەسەر سنووری تەقەی لێكراوە و بە توندی بریندار بووە.

دوای ئەو رووداوە تەرمی ئەو هاووڵاتییە بە برینداری براوەتە نەخۆشخانەی شارۆچكەی "گەوڤەڕ" لە كوردستانی توركیە.

لە ماوەی شەش مانگی رابردوودا جیالە تەقە كردن و كوشتنی هاووڵاتییان و كۆڵبەرانی كوردی ئێران بەدەستی هێزە نیزامییەكانی حكوومەتی ئێران چەندین هاووڵاتیی كوردی خەڵكی هەرێمی كوردستان و كوردستانی توركیەش بەهۆی تەقەی هێزەكانی حكوومەتی ئێرانەوە بوونەتە قوربانی.