ئاژانسی كوردپا: خراپی و ناستانداربوونی جادەی نێوان مەریوان و سنووری باشماخ بەردەوام گیانی شۆفیر و موسافیرانی خستعۆتە مەترسییەوە.

بەپێی هەواڵی ئاژانسی هەواڵدەریی كوردپا، رۆژی چوارشەممە لەسەر جادەی نێوان مەریوان و سنووری باشماخ ماتۆر و پرایدێك پێكیان داداوە و بەهۆی ناستانداربوونی جادەكە كەسێك بەناوی هیوا خەڵكی گوندی "كۆڵان" گیانی لەدەست داوە و كەسێكی‌تر بەناوی "محەممەد ئیرەجی" خەڵكی گوندی "سێفی سەروو"ی سەر بە مەریوان بە توندی بریندار بووە.

سەرچاوەیەكی ئاگادار بە هەواڵنێری كوردپای راگەیاندووە، لە ماوەی دوو حەفتەی رابردوودا لەسەر جادەی نێوان مەریوان و سنووری باشماخ 6 كەس بەهۆی ناستانداربوونی جادەكەوە گیانیان لەدەست داوە.

نزیك بە یەك مانگ لەمەوپێش لە رووداوێكی هاتوچۆ لەسە رهەمان جادە سێ‌ هاووڵاتیی دیكە گیانیان لەدەست دا و دوو كەسی دیكەش بریندار بوون.

بە وتەی كارناسانی هاتوچۆ ناستانداربوونی جادەكان لە ئێران بە یەكێك لە هۆكارەكانی مەرگی هاووڵاتییان دێتە ئەژمار و ساڵانە سەدان كەس بەو بۆنەوە دەبنە قوربانی.