ئاژانسی كوردپا: شەپۆلی ئاگر تێبەربوونی دارستان و لێڕەواری گوندەكانی دەورووبەری دوو شاری مەریوان و سەوڵاوا روو لە زیاد بوونە.
بەپێی راپۆرتی ئاژانسی هەواڵدەریی كوردپا، لە رۆژانی رابردوودا لێڕەوار و دارستانی دەربەندی دزڵیی سەر بە شاری سەوڵاوا ئاگری تێبەردراوە و بەپێی ئاماری ژینگەپارێزانی مەریوان هەتا ئێستا 105 حاڵەتی ئاگركەوتنەوە لەو ناوچانە رووی داوە.

چەند رۆژ لەمەوبەریش دارستان و شاخەكانی گوندی "نژمار"ی سەر بە شاری مەریوان ئاگری تێبەر درابوو كە بە هەوڵی ئەندامانی ئەنجومەنی سەوزی چیا و خەڵكی ناوچە و ژینگەپارێزان كۆنترۆڵ كراون و كوژێنراونەتەوە.
شەپۆلی ئاگرگرتنی ژینگە، لێڕەوار و دارستانی گوندەكانی دەورووبەری دوو شاری مەریوان و سەوڵاوا لە مانگی بانەمەڕەوە دەستی پێكردووە و ناوە بە ناوە بەهۆكاری جۆراوجۆر حاڵەتی ئاگرگەوتنەوە رووی داوە كە زەرەر و خەسارێكی زۆری ژینگەیی بۆ سەر ناوچەكە بەدواوە بووە.





