كوردپا: كردنەوەی بازارچەی سنووریی "كوزەڕەش"ی سەلماس و لێدوانە پێك ناكۆكەكانی لێپرسراوانی حكوومەتی ئەو بازارچەیەی خستۆتە دۆخێكی نالەبارەوە.
نوێنەر شاری سەلماس لە مەجلیسی شۆرای ئیسلامیی ئێران رایگەیاند، تەرحی درووست كردنی ئەو بازارچەیە لە شۆرای پەرە پێدان و ئەمنیەتی پایەدار پەسند كراوە و بڕیاریشە لە رێكەوتی ٢٦ی بەفرانباری ئەمساڵ ئەو بازارچەیە بكرێتەوە.
لەلایەكی دیكەوە جێگری ئەمنیەتیی ئینتزامیی پارێزگاری ئازەربایجانی رۆژئاوا بە پێچەوانەی ئەو نوێنەرەی مەجلیس لێدوانەی داوە و رایگەیاندووە، ئەو پارێزگایە زیاتر لە ٩٦٧ كیلۆمیتر سنووری هاوبەشی لەگەڵ وڵاتانی توركیە و كۆماری ئازەربایجان و هەرێمی كوردستان و هەروەها ٩ بازارچەی سنووریشی هەیە و هیچ زەروورەتێك بۆ كردنەوەی بازارچەی دیكە نیە.
هەواڵدەریی فارس لەزاری عەلی ئەكبەر ئاقایی نوێنەری شاری "سەڵماس"ەوە بڵاوی كردەوە، هێندێ گرێبەست لە نیوان ئێران و توركیەدا بە مەبەستی درووست كردنی ژمارەیەك پڕۆژە ئەنجام بەستراوە و پشتگوێ خستنی بازارچەی "كۆزەڕەش" بە مانای زوڵم كردن لە خەڵكی ناوچەی سەلماسە.
بەپێی لێدوانی لێپرسراوانی پارێزگای ئازەربایجانی رۆژئاوا، حكوومەتی توركیە لە پێوەندیی كردنەوەی بازارچەی سنووریی كوزەڕەش - گلینجك" رەزایەتیان دەربڕیوە.
پێشتر لە خەرمانانی ئەمساڵدا ستادی ناوەندی خەبات بەدژی كاڵای قاچاخ بڕیاری داخستنی ٣١ بازارچەی لە سنوورەكان دا كە بازارچەی" كۆزەڕەش" یەك لەوان بوو.





