كوردپا: سێ‌ ئەندامی "كۆمەڵەی سەوزی كوردستان" زیاتر لە 70 رۆژە لە گرتنگەی ئیدارەی ئیتلاعاتی شاری سنە دان و بەپێی هێندێ‌ سەرچاوەی ئاگادار دوو كەسیان لەژێر ئەشكەنجەدا دەست و لاقیان شكاوە.

ئاژانسی كوردپا بۆ دەست خستنی زانیاریی زیاتر لەبارەی رەوشی وریا خوسرەوی، ئەكبەر گەوێڵی و كامران رەحیمی سێ‌ چالاكی ژینگە پارێزی دەستبەسەر كراو پێوەندیی بە كاوە تەهماسبی چالاكی فەرهەنگییەوە كرد و ناوبراویش بەم چەشنە بۆ كوردپا دوا.

ئەو چالاكە فەرهەنگییە وتی: لە رێكەوتی 1 خەزەڵوەرەوە ئەو سێ‌ ئەندامەی كۆمەڵەی سەوزی كوردستان بێ‌ ئەوەی تاوانیان روون بكرێتەوە لەلایەن هێزە ئیتلاعاتییەكانەوە دەستبەسەر كراون و لەژێر ئەشكەنجەی توندی هێزە ئیتلاعاتییەكان دان و بەپێی ئەو زانیارییانەی كە هەمانە وریا خوسرەوی و كامران رەحیمی لە ژێر ئەشكەنجەدا دەست و لاقیان شكاوە.

كاوە تەهماسبی وتیشی، ئەكبەر گەوێڵی، وریا خوسرەوی و كامران رەحیمی هەتا ئێستا بانگهێشتی دادگا نەكراون و زیاتر لە70 رۆژە كەلە گرتنگەی ئێدارەی ئیتلاعاتی شاری سنە راگیراون و سەرەڕای ئەوەی بنەماڵەكانیان بۆ چەندین جار سەردانی ئەو ناوەندە ئەمنیەتییەیان كردووە، بەڵام لێپرسراوان هیچ زانیارییەكیان پێ‌ نەداون.

كاوە تەهماسبی باسی لە ئامانجی كۆمەڵەی سەوزی كوردستان كرد و وتی: كۆمەڵەی سەوزی كوردستان پاراستنی ژینگە بە ئەركی سەرەكیی خۆی دەزانێ‌ و هەوڵ بۆ پەرە پێدانی بیری ژینگە پارێزی لەنێو لاواندا دەدات و لە چوارچێوەی فێركاریی لاوانیشدا چالاكی دەكرد و " پاراستنی ژینگە پاراستنی ژیانە" درووشمی سەرەكیی كۆمەڵەی سەوزی كوردستانە.

كاوە تەهماسبی و رزگار رەوشنی دوو چالاكی فەرهەنگی و ئەندامی كۆمەڵەی سەوزی كوردستان لە شاری سنە بوون، بەڵام بە هۆی زەخت و گوشاری هێزە ئەمنیەتییەكان، ناچار بوون وڵات بەجێ‌ بهێڵن.