ڕۆژنامەوانێکی کورد "ممنوع‌الخروج" کرا

15:00 - 11 خەرمانان 2719

ئاژانسی کوردپا: فەرمانبەرانی دەروازەی سنووریی "باشماخـ"ـی مەریوان، ڕێگایان نەدا کە ڕۆژنامەوانێکی کوردی خەڵکی مەهاباد، بچێتە خاکی هەرێمی کوردستانەوە.

بەپێی هەواڵی گەیشتوو بە ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، ڕۆژی دووشەممە، ٤ی خەرمانان، فەرمانبەرانی دەروازەی سنووریی "باشماخـ"ـی مەریوان، ڕێگایان بە ڕۆژنامەوانێکی کورد بە ناوی "هەرمان وەتمانی"، سەرنووسەری ماڵپەڕی "هاژە" نەدا کە بچێتە خاکی هەرێمی کوردستانەوە.

فەرمانبەرانی دەروازەی سنووریی "باشماخ" بەم ڕۆژنامەوانەیان ڕاگەیاندووە کە ناوبراو "ممنوع‌الخروجـ"ـە.

هەروەها پاسپۆرتی سەرنووسەری ماڵپەڕی "هاژە"، لەو سنوورەدا زەوت کراوە.

ئەم ڕۆژنامەوانە، جۆزەردانی ئەمساڵ لە لایەن لقی دووی دادگای کەیفەریی یەکی ورمێوە، بە تۆمەتی "هەوڵدان بە دژی تەناهیی نەتەوەیی و پڕوپاگەندە بۆ یەکێک لە حیزبە کوردییەکانی دژبەری ئێران"، بە شەش مانگ زیندان مەحکووم کرابوو. ناوبراو نیسبەت بەم حوکمە، ناڕەزایەتیی دەربڕیبوو.

دۆسیەی ئەم ڕۆژنامەوانە بۆ دادگای پێداچوونەوەی ورمێ نێردرابوو و تا ئێستا تەئید نەکراوە.

"هەرمان وەتمانی"، خەرمانان و بەفرانباری ساڵی ڕابردوو، بۆ پۆلیسی "فەتا" و ئیدارەی ئیتلاعاتی  مەهاباد بانگهێشت و لێپرسینەوەی لەگەڵ کرابوو.