سەقز؛ سەید ئازاد حوسێنی بەهۆی «هەژاری و بێکاری»یەوە کۆتایی بە ژیانی خۆی هێنا
۲۱ی گەلاوێژی ١٤٠٥؛ لە ڕۆژانی ڕابردوودا، هاووڵاتییەکی کوردی خەڵکی سەقز بە ناوی «سەید ئازاد حسێنی» بەهۆی «هەژاری و بێکاری»یەوە دەستی دایە خۆکوژی و گیانی لەدەست دا.
سەرچاوەیەکی ئاگادار وێنڕاستکردنەوەی هەواڵەکەی بۆ ئاژانسی کوردپا کردووە و ڕایگەیاندووە: ئێوارەی دووشەممە ۱۹ی گەلاوێژی ١٤٠٥، «سەید ئازاد حوسێنی»، هاووڵاتییەکی تەمەن ٤۰ ساڵانی خەڵکی گوندی «پارسانیان»ی سەقز و دانیشتووی گەڕەکی «ساڵحاوا»ی سەقز، کە خێزاندار و باوکی دوو منداڵ بوو، لە ڕێگەی خۆهەڵواسینەوە کۆتایی بە ژیانی خۆی هێناوە.
بە وتەی ئەم سەرچاوەیە، هۆکاری خۆکوژییەکەی بۆ «هەژاری و بێکاری» دەگەڕێتەوە. تەرمی سەید ئازاد حوسێنی ڕۆژی سێشەممە ۲۰ی گەلاوێژی ١٤٠٥ لە گۆڕستانی «ئایچی»ی سەقز بە خاک سپێردرا.
پارێزگای کوردستان لە ڕووی بێکاری و هەژارییەوە لە ڕیزی ئەو پارێزگایانەی ئێراندایە کە دۆخێکی نەبار و نالەباریان هەیە؛ بە شێوەیەک کە بە ڕێژەی بێکاری ٪۱۳.۷، دووەم پارێزگای ئێرانە لە ڕووی بەرزترین ڕێژەی بێکاری و تەنیا پارێزگای کرماشان بە ٪۱٥.۲ لە پلەیەکی بەرزتردا دەبینرێت. هەروەها هەژاری و بێکاری لە هۆکارە کۆمەڵایەتییە سەرەکییەکانی بەرزبوونەوەی مەترسیی خۆکوژی ئەژمار دەکرێن.