بەندیخانەی ورمێ؛ شاکر بێهروز، بەندکراوی سیاسیی کورد دوای حەوت ساڵ و پێنج مانگ بەندکران ئازاد کرا
ڕۆژی چوارشەممە ٢١ی گەلاوێژی ١٤٠٥، شاکر بێهروز، بەندکراوی سیاسیی کورد و خەڵکی دزەی مەرگەوەڕی ورمێ دوای حەوت ساڵ و پێنج مانگ بەندکران، لە بەندیخانەی ناوەندیی ورمێ ئازاد کرا.
ساڵی ١٤٠١، سزای لەسێدارەدانی ئەم بەندکراوە سیاسییە لەلایەن لقی یەکەمی دیوانی باڵای وڵاتەوە هەڵوەشێنرایەوە و سزاکەی بۆ بەندکران گۆڕدرا.
لە بڕیارنامەی دەرچوو لەلایەن دیوانی باڵای وڵاتەوە هاتبوو: بە سەرنجدان بەوەی کە ناوبراو دوای سێ مانگ ئەندامەتی لە حیزبی دێموکراتدا گەڕاوەتەوە بۆ وڵات و خۆی ڕادەستی ئیدارەی ئیتلاعات کردووە، ئەمەش بەڵگەیەک لەسەر پاشگەزبوونەوەی لە ئەندامەتی لە حیزبی دێموکراتدایە، هەروەها بە سەرنجدان بەوەی لە کاتی دەسبەسەرکردنیدا چەکی پێ نەبووە و لەلایەن دادگای کەیفەریی دووەوە لە تۆمەتی هەڵگرتن و ڕاگرتنی چەکی جەنگی بێبەری کراوە، بۆیە کردەوەی ئەنجامدراوی تۆمەتبار لە بڕگەی ٢٨٧ی یاسای سزادانی ئیسلامی دەردەچێت و داواکاریی ناڕەزایەتییدەربڕینەکەی لەسەر بەندەکانی (ئەلف) و (پ)ی بڕگەی ٤٦٤ی یاسای ئایینی دادڕەسی کەیفەری دەگونجێت و بە ڕەوا دەبینرێت، بەپێی بەندی (ب)ی بڕگەی ٤٦٩ی یاسای ئاماژەپێکراو بڕیارە دەرچووەکە هەڵدەوەشێنرێتەوە و پێداچوونەوەی دۆسییەکە دەسپێردرێتەوە بە دادگای هاوتا.
پێشتر ئەم بەندکراوە سیاسییە لەلایەن لقی دووەمی دادگای ئینقلابی ورمێ بە سەرۆکایەتیی دادوەر «شێخلوو» بە تۆمەتی «بەغی و ئەندامەتی لە یەکێک لە حیزبە کوردییەکانی ئۆپۆزسیۆنی کۆماری ئیسلامیی ئێران» سزای لەسێدارەدانی بەسەردا سەپێنرابوو.
ڕۆژی ١٦ی سەرماوەزی ١٣٩٩ش، لقی ١ی دادگای کەیفەریی یەکی تایبەت بە مێرمنداڵانی ورمێ، شاکر بێهروزی لە دۆسییەیەکی نوێدا بە تۆمەتی «کوشتنی ئەندامێکی سپای پاسداران» بە پشتبەستن بە بڕگەکانی ١، ٢، ٣، ١٤، ١٤٠، ١٤١، ١٤٤، ١٦٠، ١٦٤، ١٦٦، ١٦٧، ١٦٨، ٢١١، ٣٠١، ٣٥٠، ٣٥١، ٣٥٤، ٣٨١، ٤١٧، ٤١٨، ٤١٩ و ٤٣٦ی یاسای سزادانی ئیسلامیی پەسەندکراوی ١٣٩٢ و بە ئیلهاموەرگرتن لە ئایەتەکانی ١٧٨ و ١٧٩ی سورەتی بەقەرە، سزای لەسێدارەدانی لە ڕێگەی سێدارەوە لە حەوشەی بەندیخانەی ناوەندیدا بەسەردا سەپاندبوو، کە دوای مەترسیی لەسێدارەدانی شاکر بێهروز، سکاڵاکارانی دۆسییەکەی لێخۆشبوونی خۆیان ڕاگەیاند و ڕۆژی پێنجشەممە ٩ی پووشپەڕی ١٤٠١ بەڵگەنامەی فەرمیی لێخۆشبوونیان واژۆ کرد.
بەپێی کۆپیی ئەم لێخۆشبووننامەیە، سکاڵاکاران ڕایانگەیاندبوو: «لەگەڵ پاشگەزبوونەوە لە سکاڵای تۆمارکراو، ڕەزامەندیی تەواو و بێمەرجی خۆمان ڕادەگەیێنین و لە لایەنی کەیفەری و یاساییەوە بەبێ هیچ شەرتومەرجێک لێخۆشبوون دەردەبڕین و داوای داخرانی دۆسییەکە دەکەین، لە داهاتووشدا هیچ جۆرە ئیدیعایەکمان بەرانبەر ناوبراو نابێت و ئەگەر لە داهاتوودا ئیدیعایەکیش هەبێت، بەها و ئیعتیباری نییە.»
شاکر بێهروز لە ماوەی بەندکردنیدا بە تۆمەتەکانی «هاتنەژوورەوەی نایاسایی بۆ ناو وڵات لە سنورە ڕێپێنەدراوەکانەوە، ئەندامەتی لە حیزبە کوردستانییەکانی ئۆپۆزسیۆنی حکوومەت و کوشتنی ئەندامێکی سپا» لە لقی ٢ی دادگای ئینقلابی ورمێ، لقی یەکی دادگای کەیفەریی یەکی تایبەت بە مێرمنداڵانی ورمێ، لقی ١١٤ی دادگای کەیفەریی ٢ی ورمێ و لقی ١١٠ی دادگای کەیفەریی ٢ی کۆمەڵگەی بەهەشتیی ورمێ دادگایی کرابوو.
ئەم بەندکراوە سیاسییە لە گەلاوێژی ١٣٩٩ لە لقی دووەمی دادگای ئینقلابی ورمێ بە سەرۆکایەتیی دادوەر «شێخلوو» بە تۆمەتی «بەغی و ئەندامەتی لە یەکێک لە حیزبە کوردستانییەکانی ئۆپۆزسیۆنی کۆماری ئیسلامیی ئێران» دادگایی کرا و ڕۆژی پێنجشەممە ٢٠ی خەرمانانی ١٣٩٩ دەرچوونی سزای لەسێدارەدان بۆ ئەم بەندکراوە سیاسییە بە پارێزەرەکەی ڕاگەیەندرا.
ئەم هاوڵاتییە کوردە ساڵی ١٣٩٧ ببووە ئەندامی یەکێک لە حیزبە کوردستانییەکانی ئۆپۆزسیۆنی حکوومەت و خەرمانانی هەمان ساڵ بە وەرگرتنی «ئەماننامە» گەڕابووەوە بۆ ئێران.
ئەم هاوڵاتییە دوای گەڕانەوەی بۆ ئێران خۆی ڕادەستی ئیدارەی ئیتلاعاتی ورمێ کردبوو و دوای ١٤ ڕۆژ لێکۆڵینەوە ئازاد کرابوو.
شاکر بێهروز سەرلەنوێ لە ٢١ی ڕەشەمەی ساڵی ١٣٩٧دا لەلایەن هێزە ئەمنییەکانەوە دەسبەسەر کرا و دوای ساڵێک و ٩ ڕۆژ ڕاگرتنی لە ژووری تاکەکەسیی سپای مەهدیی ورمێ، ڕەوانەی بەندیخانەی ناوەندیی ئەم شارە کرا.