چارەنووسی کرێکارێکی کورد ناڕوونە

12:19 - 12 خەرمانان 2719

ئاژانسی کوردپا: چارەنووسی کرێکارێکی کورد، پاش ٢٥ ڕۆژ لە دەسبەسەری، ناڕوونە.

بەپێی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، چارەنووسی کرێکارێکی نانەواخانە بە ناوی "سدیق سەیفی"، کوڕی "عەتا"، خەڵکی شاری دیواندەرە، پاش ٢٥ ڕۆژ لە دەسبەسەر کرانی، ناڕوونە.

ڕۆژی پێنجشەممە، ١٧ی گەلاوێژ، هێزە ئیتلاعاتییەکان هێرشیان کردە سەر نانەوایی شوێنی کاری ئەم کرێکارە کوردە و ناوبراویان دەسبەسەر کرد.

ئەم کرێکارە کوردە، پاش دەسبەسەرکرانی بۆ شوێنێکی نادیار ڕاگوێزراوە و هەتا ئێستا بەدواداچوونەکانی بنەماڵەی "سدیق سەیفی" بۆ ئاگاداربوون لە چارەنووسی، بێ ئاکام ماوەتەوە.

هێزە ئیتلاعاتییەکان ئەم کرێکارە کوردەیان بە تۆمەتی "هاوکاری لەگەڵ یەکێک لە حیزبە کوردییەکانی ئۆپۆزسیۆنی حکوومەتی ئێران" دەسبەسەریان کردووە.