هاووڵاتییەکی کورد بە ٦ ساڵ زیندان مەحکووم کرا

11:57 - 12 خەرمانان 2719

ئاژانسی کوردپا: هاووڵاتییەکی کوردی خەڵکی گوندی "تەنگیسەر"ی ناوچەی ژاوەرۆی شاری سنە، بە ٦ ساڵ زیندان مەحکووم کرا.

بەپێی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، ڕۆژی دووشەممە، ١١ی خەرمانان، هاووڵاتییەکی کورد بە ناوی "وەلی نەسیری"، تەمەن ٥٦ ساڵ، خەڵکی گوندی "تەنگیسەر"ی ژاوەرۆی سنە، لە لایەن لقی یەکی دادگای ئینقلابی ئەو شارەوە بە ٦ ساڵ زیندان مەحکووم کرا.

دادگایی ئەو هاووڵاتییە کوردە بە سەرۆکایەتیی دادوەر"سەعیدی" بەڕێوەچووە و ناوبراو بە تۆمەتی "هاوکاری لەگەڵ یەکێک لە حیزبە کوردییەکانی دژبەری حکوومەتی ئێران" بە ٥ ساڵ زیندان و هەروەها بە تۆمەتی "هەوڵدان دژی تەناهیی نەتەوەیی" بە ساڵێک زیندان مەحکووم کراوە.

"وەلی نەسری" ڕۆژی سیشەممە، ٢٨ی ڕەشەممەی ساڵی ٩٧، لە لایەن هێزە ئیتلاعاتییەکانەوە دەسبەسەر و ڕۆژی چوارشەممە، ٧ی خاکەلێوەی ئەمساڵ، بە دانانی بارمتە بە شێوەی کاتی ئازاد کرا.