٧ هاووڵاتیی شنۆیی بە ٢٨ ساڵ زیندان مەحکووم کران

15:33 - 11 خەرمانان 2719

ئاژانسی کوردپا: ٧ هاووڵاتیی کوردی خەڵکی شاری شنۆ، لە لایەن دادسەرای گشتی و ئینقلابی ئەو شارەوە، سەرجەم بە ٢٨ ساڵ زیندانی مەحکووم کران.

بەپێی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، دادسەرای گشتی و ئینقلابی شاری شنۆ، ٧ هاووڵاتیی خەڵکی ئەو شارەی بە ناوەکانی "محەممەد ئەمین قازی" کوڕی "کەریم"، "کوورش عەزیزی" کوڕی "محەممەد ئەمین"، "ئەبووبەکر میناپاک" کوڕی "کەریم"، "مەغدید محەممەدزادە" کوڕی "ڕەحیم"، "یووسف ئەحمەدی" کوڕی "عەزیز"، "تەیب بامروەت" کوڕی "محەممەد و "کامیل ئەحمەدی خانلەری" کوڕی "محەممەد"، بە ٢٨ ساڵ زیندان مەحکووم کردووە.

بەپێی ئەم حوکمە، هەر یەک لەم هاووڵاتییانە بە تۆمەتی "ئەندامبوون لە یەکێک لە حیزبە کوردییەکانی ئۆپۆزسیۆنی حکوومەتی ئێران و بە پێشتبەستن بە ڕاپۆرتەکانی ئیدارەی ئیتلاعاتی شاری شنۆ و لێکۆڵینەوەی مەئموورانی قەزایی، بە ٤ ساڵ زیندان مەحکووم کراون.

ئەم ٧ هاووڵاتییە کوردە، بە پشتبەستن بە ئەسڵی ٣٧ی یاسای بنەڕەتی و ماددەی ٤ی یاسای دادڕسی، بە تۆمەتی "هەوڵدان دژی تەناهیی نێوخۆیی و پڕوپاگەندە لە بەرژەوەندیی یەکێک لە حیزبە کوردییەکانی ئۆپۆزسیۆنی حکوومەتی ئێران"، بێتاوان ناسران.

لەو پەیوەندییەدا، هاووڵاتییەکی کورد بە ناوی "تاهیر سۆفی"، تەمەن ٣٧ ساڵ، خەڵکی گوندی "گەرگولی خوارێ"، بە تۆمەتی "هاوکاری لەگەڵ یەکێک لە حیزبە کوردییەکانی ئۆپۆزسیۆنی حکوومەتی ئیران"، لە لایەن لقی ١٠٢ دادگای کەیفەریی شاری پیرانشار، بە ٤ ساڵ زیندانیی تەعزیری مەحکووم کرا.