ماددەی هوشبەر لە ٤ مانگدا گیانی ١٦ کەسی ئەستاندووە

12:18 - 18 خەرمانان 2719

ئاژانسی کوردپا: بە هۆی گیرۆدەبوون بە ماددەی هۆشبەر، لە چوار مانگی یەکەمی ئەمساڵدا، ١٦ کەس لە شاری سنە، گیانیان لە دەستداوە.

پەیوەندییە گشتییەکانی ئیدارەی گشتیی پزیشکی یاسایی پارێزگای سنە ڕایگەیاند: "لە سەرەتای مانگی خاکەلێوەی ئەمساڵەوە هەتا مانگی پووشپەر، ١٦ کەس لە گیرۆدەبووان بە ماددە سڕکەرەکان لەو پارێزگایە گیانیان لە دەستداوە."

ڕیژەی قوربانیانی گیرۆدەبوو بە ماددە سڕکەرەکان لە ئەمساڵدا، بە نیسبەت ساڵی ڕابردوو ٢.١٤ لەسەد زیادی کردووە.

لە ساڵی ڕابردوودا، ڕێژەی گیرۆدەبووان بە ماددەی سڕکەر ١٤ کەس بووە و هەموو ئەو کەسانە کە بە هۆی تووشبوون بە مادەی سڕکەرەوە گیانیان لە دەست داوە، پیاو بوونە.

مێژووی گیرۆدەبوون بە ماددەی هۆشبەر لە ئێراندا، بۆ دەورانی بنەماڵەی سەفەوییەکان دەگەڕێتەوە کە بە چاندنی تۆوی خەشخاش پەرەیان بە بەرهەمهێنانی ماددەی هۆشبەری "تریاک" داوە.