شەپۆلی دەسبەسەرکردنەکان لە بۆکان؛ ئومید چاو‌باز، سدیق کەریمی و هادی عەزیزی دەسبەسەر کران

10:06 - 24 گەلاوێژ 2726

٢٣ی گەلاوێژی ١٤٠٥؛ لە درێژەی شەپۆلی دەسبەسەرکردنی سەرەڕۆیانە و بەکۆمەڵی هاوڵاتییانی کورد لە بۆکان، سێ هاوڵاتیی دیکەی کورد بە ناوەکانی «ئومید چاو‌باز»، «سدیق کەریمی»، بەندکراوی سیاسیی پێشوو، و «هادی عەزیزی»، چالاکی مەدەنی، دەسبەسەر کران. کوردپا پێشتر هەواڵی دەسبەسەرکردنی «شوانە دیوازی»شی بڵاو کردبووەوە.

بەوتەی سەرچاوەیەکی ئاگاداری کوردپا؛ بەرەبەیانیی پێنجشەممە ٢٢ی گەلاوێژی ١٤٠٥، کاتژمێر ٢ی نیوەشەو، «ئومید چاو‌باز»، هاووڵاتیی خەڵکی گوندی «حاجی‌لەک»ی سەر بە بۆکان، لەلایەن هێزە ئەمنییەکانەوە بەبێ بەڵەگەی یاسایی دەسبەسەر کرا و بۆ شوێنێکی نادیار ڕاگوێزرا.

هەروەها ڕۆژی پێنجشەممە ٢٢ی گەلاوێژی ١٤٠٥، «سدیق کەریمی»، هاووڵاتیی خەڵکی بۆکان، بە هەڵکوتانە سەر ماڵەکەی لەلایەن هێزە ئەمنییەکانەوە و بەبێ بەڵگەی یاسایی دەسبەسەر کرا و بۆ شوێنێکی نادیار ڕاگوێزرا. سدیق کەریمی زیندانیی سیاسیی پێشوویە و پێشینەی دەسبەسەرکردنی سەرەڕۆیانە و ٦ مانگ سزای بەندکرانی هەیە.

هەروەها بەرەبەیانیی پێنجشەممە ٢٢ی گەلاوێژی ١٤٠٥، کاتژمێر ٢ی نیوەشەو، «هادی عەزیزی»، چالاکی مەدەنیی خەڵکی بۆکان، بە هەڵکوتانە سەر ماڵەکەی لەلایەن هێزە ئەمنییەکانەوە و بەبێ بەڵگەی یاسایی دەسبەسەر کرا و بۆ شوێنێکی نادیار ڕاگوێزرا. لە کاتی ئەم دەسبەسەرکردنە سەرەڕۆیانەیەدا، هێزە ئەمنییەکان کەلوپەلێکی زۆری ماڵەکەیان تێکداوە و بەبێ بەڵگەی یاسایی، کەلوپەلی تایبەتیی هادی عەزیزی، لەوانە لەپتاپ و مۆبایلەکەی، هەروەها ئۆتۆمبێلەکەیان زەوت کردووە و لەگەڵ خۆیان بردوویانە.

هەروەها سەرلەبەیانیی پێنجشەممە ٢٢ی گەلاوێژی ١٤٠٥، نزیکەی کاتژمێر ٣ی نیوەشەو، هێزە ئەمنییەکانی ئیدارەی ئیتلاعات، بەبێ بەڵگەی یاسایی، هەڵیانکوتاوەتە سەر ماڵی «شوانە دیوازی»، هاوڵاتیی خەڵکی گوندی «سەرچنار» و دەسبەسەریان کردووە. ئەم هاوڵاتییە دوای دەسبەسەرکردنی بۆ شوێنێکی نادیار ڕاگوێزراوە. «شوانە دیوازی»، تەمەن ٤٤ ساڵ، خێزاندارە و باوکی سێ منداڵە.

هەتا کاتی بڵاوبوونەوەی ئەم هەواڵە، لە هۆکارەکانی دەسبەسەرکردن و تۆمەتە وەپاڵدراوەکان دژی ئەم هاوڵاتییانە زانیارییەک لەبەر دەستدا نییە و هێزە ئەمنییەکانیش لەمباریەوە هیچ ڕوونکردنەوەیەکیان نەداوە. هەروەها ئەم هاوڵاتییە کوردانە لە مافی دەستڕاگەیشتن بە پارێزەر، دیدار و پەیوەندی لەگەڵ بنەماڵەکانیان، بێبەش کراون.