لاوێکی کورد ماوەیەک دوای ئازارەکانی ئەشکەنجە، گیانی لەدەست دا

15:26 - 11 خەرمانان 2719

ئاژانسی کوردپا: لاوێکی کورد ماوەیەک دوای ئازادکران لە گرتنگەکانی حکوومەتی ئێراندا، تووشی نەخۆشی بوو و هەر بەو هۆیەوە گیانی لەدەست دا.

بەپێی هەواڵی گەیشتوو بە ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، ڕۆژی هەینی، ٨ی خەرمانان، لاوێکی کوردی خەڵکی پیرانشار، کە ساڵی ٩٦ ماوەی ٢٠ ڕۆژ لە گرتگەی ئیتلاعاتدا بوو، بەهۆی ئازارەکانی دوای ئەشکەنجەوە، لە نەخۆشخانەیەکی شاری ورمێ، گیانی لەدەست دا.

"جەلال سلێمانی"، ساڵی ٩٦ی هەتاوی، دوای کوشتنی "سەروان سەڵماسی"، لە لایەن ئیتلاعاتەوە دەسبەسەر کرا و دوای ماوەیەک لە گرتنگە ئازاد کرا.

بەپێی وتەی سەرچاوەیەکی ئاگادار، "جەلال سلێمانی" لە گرتنگەدا و لەژێر ئەشکەنجەدا تووشی نەخۆشیی "ڕیخۆڵە" ببوو و هەر بەو هۆیەوە گیانی لەدەست دا.

ڕێکەوتی ٢٦ی خاکەلێوەی ٩٦ی هەتاوی، "سەروان سەڵماسی"، بەرپرسی "بەرەنگاربوونەوە لەگەڵ کەلوپەلی قاچاخ" لە پیرانشار، لە لایەن کەسانی نەناسراوەوە کوژرا.