دوو ئەندامی حیزبێکی کوردستانی لە سەردەشت گیانیان لەدەست دا

14:58 - 11 خەرمانان 2719

ئاژانسی کوردپا: دوو ئەندامی یەکێک لە حیزبە کوردییەکانی ئۆپۆزسیۆنی حکوومەتی ئیران، لە شەڕ و تێکەڵچوونی نیزامیدا لەگەڵ هێزەکانی سپای پاسداران، گیانیان لەدەست دا.

ڕۆژی چوارشەممە، ٦ی خەرمانان، ماڵپەڕی "کوردستان و کورد" سەر بە "حدک"، بە بڵاوکردنەوەی هەواڵێک، باسی لە گیانلەدەستدانی دوو ئەندامی ئەو حیزبە بە ناوەکانی "ئیبراهیم عەزیزنژاد" و "عەلی بایزپوور"، لە شەرێکی نیزامی لە شاری سەردەشتدا، کرد.

هەروەها، لەو شەڕەدا، کەسێکی دیکە بە ناوی "مێهران ئەحمەدیان" دەسبەسەر کراوە.

ئەم شەڕە لە نزیک گوندی "قەلەڕەشە"ی شاری سەردەشت ڕوویداوە و یەکێک لە دانیشتووانی ئەو گوندەش بەسەختی بریندار بووە. "حدک" لەو هەواڵەکەیدا، ئاماژەی بە وردەکاریی ئەو شەڕە نەکردووە.

لە لایەکی دیکەوە، قەرارگای حەمزەی سپای پاسداران، پاش کوژرانی "خالید شوانە"، ئەندامی ئەو قەرارگایە لە شاری پیرانشار، لە بەیاننامەیەکدا ڕایگەیاندووە: "تۆڵەی قورس لە ئەنجامدەرانی ئەو ڕووداوە دەکەینەوە".

ئێوارەی ڕۆژی دووشەممە، ٤ی خەرمانان، "خالید شوانە"، ئەندامی سپای پاسداران، لەنێو شاری پیرانشار، لە لایەن کەسانێکی نەناسراوەوە کوژرا.