دوو هاووڵاتیی کورد بە ساڵێک و شەش مانگ زیندان مەحکووم کران

11:34 - 14 خەرمانان 2719

ئاژانسی کوردپا: دوو هاووڵاتیی کوردی خەڵکی شارەکانی ماکۆ و بۆکان، لە دادگاکانی ئینقلابی ئەو شارانەدا، بە ساڵێک و نیوێک زیندان مەحکووم کران.

بەپێی ڕاپۆرتی گەیشتوو به ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، لە ماوەی ڕۆژانی ڕابردوودا، لاوێکی کورد بە ناوی "حەمید بلخکانلو"، خەڵکی شاری ماکۆ، لە لایەن دادگای ئینقلابی ورمێ، بە تۆمەتی "هاوکاری لەگەڵ یەکێک لە حیزبە کوردییەکانی ئۆپۆزسیۆنی حکوومەتی ئێران"، بە ساڵێک زیندان مەحکووم کرا.

ئەو لاوە کوردە، ڕۆژی سیشەممە، ٢٨ی جۆزەردانی ئەمساڵ، لە نزیک زانکۆی ئازادی ورمێ، لە لایەن هێزە ئیتلاعاتییەکانەوە دەسبەسەر و بۆ شوێنێکی نادیار ڕاگوێزرا.

ئەم هاووڵاتییە کوردە لە ساڵی ٩٦دا، بە تۆمەتی "چالاکیی سیاسی و هاوکاری لەگەڵ یەکێک لە حیزبە کوردییەکانی دژبەری حکوومەتی ئێران"، لە درێژەدان بە خوێندن لە زانکۆی پەیامنوور، بێبەری کرابوو.

لەو پەیوەندییەدا، ڕۆژی ١٠ی خەرمانان، هاووڵاتییەکی کورد بە ناوی "جەعفەر پەکەند"، تەمەن ٥٠ ساڵ، کوڕی "محەممەد ساڵح"، خەڵکی شاری بۆکان، بە تۆمەتی "هاوکاری لەگەڵ یەکێک لە حیزبە کوردییەکانی ئۆپۆزسیۆنی حکوومەتی ئێران"، لە دادگای ئینقلابی ئەو شارە، بە شەش مانگ زیندانیی تەعزیری مەحکووم کرا.

"جەعفەر پەکەند"، ڕۆژی چوارشەممە، ١٩ی پووشپەڕ، بە تۆمەتی "هاوکاری لەگەڵ یەکێک لە حیزبە کوردییەکانی ئۆپۆزسیۆنی حکوومەتی ئێران" دەسبەسەر و بۆ لێپرسینەوە ڕەوانەی گرتنگەی ئیدارەی ئیتلاعاتی شاری ورمێ، کرابوو.

"جەعفەر پەکەند"، ڕۆژی ١٥ی گەلاوێژ، پاش تەواوبوونی ماوەی لێپرسینەوەکەی، بە دانانی بارمتە بە شێوەی کاتی ئازاد کرابوو.