دوو لاوی کورد دەسبەسەر کران

14:59 - 11 خەرمانان 2719

ئاژانسی کوردپا: دوو هاووڵاتیی خەڵکی گوندی "نێـ"ـی شاری مەریوان، لە لایەن هێزە ئیتلاعاتییەکانەوە دەسبەسەر کران و ئا ئێستا بێ سەروشوێنن.

بەپێی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، ڕۆژی سێشەممە، ٥ی خەرمانان، هێزە لیباس شەخسییەکان هێرشیان کردە سەر گوندی نێ و "کارۆ کاوە"، تەمەن ٢٥ ساڵ، کوڕی "عەبدوڵڵا"یان لە کاتی کاری وەرزێڕیدا دەسبەسەر کرد و بۆ شوێنێکی نادیاریان ڕاگوێزا.

هەروەها لاوێکی دیکەی خەڵکی ئەو گوندە بە ناوی "سینا جاست"، تەمەن ١٩ ساڵ، کوڕی "سالار"، لەنێو شاری مەریواندا لە لایەن کەسانێکی نەناسراوەوە ڕفێندرا و تا ئێستا هیچ زانیارییەک بە بنەماڵەکەی نەدراوە.

لەو پەیوەندییەدا، دوو هاووڵاتیی دیکەی خەڵکی گوندی نێ بە ناوەکانی "ئارام نیک پەی" و "عەبدوڵڵا بشتام" کە حەوتووی ڕابردوو دەسبەسەر کرابوون، بۆ ئیدارەی ئیتلاعاتی شاری سنە ڕاگوێزراون.