بەهۆی ڕووداوی کارەوە، کرێکارێک گیانی لەدەست دا

15:18 - 11 خەرمانان 2719

ئاژانسی کوردپا: کرێکارێکی کوردی خەڵکی یەکێک لە گوندەکانی شاری کامیاران، بەهۆی بەربوونەوە لە بینایەکی نیوەکارەدا، گیانی لەدەست دا.

بەپێی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، ڕۆژی پێنجشەممە، ٧ی گەلاوێژ، کرێکارێکی کورد بە ناوی "محەممەد نەبی مارابی"، کوڕی "ئەحمەد"، خەڵکی گوندی "کۆریەرەی نسار"، لە کاتی کارکردن لە بینایەکی نیوەکارەدا، تووشی ڕووداوی کار بوو.

ئەو کرێکارە کوردە، لە کاتی کارکردندا بەهۆی بەربوونەوە لە داربەست، گیانی لەدەست دا.

"محەممەد نەبی مارابی"، پاش بەربوونەوە و ڕەوانەکردنی بۆ نەخۆشخانە، بەهۆی قورسیی برینەکەیەوە، گیانی لەدەست دابوو.

"گیانلەدەستدانی بێدەنگی کرێکاران" دەستەواژەیەکە کە لە لایەن چالاکانی مەدەنی، لە پەیوەندی لەگەڵ مردنی سەدان کرێکار لە ساڵدا کە تووشی ڕووداوی کار دەبەن، بە کار دەبرێت.